رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ساڵی رابردوو نۆ هەزار و 911 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای هەولێر بووە، پاشان سلێمانی و دهۆک. زۆرترین تووشبووەکان شێرپەنجەی مەمکن، پاشان سییەکان و کۆڵۆن.
پزیشکانی پسپۆڕ ئامارەکە بە زەنگی مەترسی دەزانن و رێنوێنی هاونیشتمانییان دەکەن کە پشکنینی پێشوەختە بکەن، بەتایبەت ئافرەتان پشکنینی مەمۆگرافی و پیاوانی جگەرەکێش سیتی سکانی سییەکان، کە تێچوویەکی "کەم"یان تێدەچێت و ژیانیان لە مەترسی دەپارێزن.
بەگوێرەی ئاماری تووشبووانی نوێی نەخۆشانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە و سەنتەرە حکومی و ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی رابردوو کە تۆڕی میدیایی رووداو لە وەزارەتی تەندروستی و سندووقی شێرپەنجە وەریگرتووە، ساڵی رابردوو لە پارێزگای هەولێر 5 هەزار و 456 توشبوو؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش 3 هەزار و 275 تووشبوو و لە پارێزگای دهۆکیش هەزار و 180 تووشبووی نوێ تۆمارکراون.
تووشبووانی سنووری هەولێر 55%ـی تووشبووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن؛ سلێمانی و هەڵەبجە 33% و تووشبووانی دهۆکیش 12%ـی کۆی تووشبووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی تایبەتە بە شێرپەنجە. دکتۆر هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار و 800 نەخۆشی نوێ تەنیا لە نەخۆشخانەکەی ئەوان تۆمارکراون کە دەکاتە مانگانە 150 نەخۆشی نوێ.
ئەو تووشبووانەی شێرپەنجە کە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون، 70٪ دانیشتووی سنوورەکەن و ئەوی دیکە دانیشتووی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.
بەپێی ئامارێکی سندووقی شێرپەنجە کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ رووداو نێردراوە، ئێستا 81 هەزار و 62 تووشبووی تۆمارکراوی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان هەن.
نەخۆشخانەی هیوا: زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی لە چەند نەخۆشخانە و سەنتەرێکی تایبەتدا نەخۆشانی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن. نەخۆشخانەی هیوا لە شارەکە تایبەتە بە شێرپەنجە و حکومییە. بەگوێرەی ئامارێکی نەخۆشخانەکە کە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لەو نەخۆشخانەیە تۆمارکراون.
ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە تۆمار کراون، 80٪ـیان تووشبووی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بوون. هەروەها بەشێکی دیکەی ئەو نەخۆشخانە لە پارێزگاکانی، کەرکووک و نەینەوا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقەوە چوونەتە ئەوێ.
لەبارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە دهۆک، دکتۆر چەکدار ئەحمەد، پسپۆڕی شێرپەنجە و یاریدەدەری سەرۆکی سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار و 200 نەخۆشی شێرپەنجە لە سنوورەکەیان تۆمارکراون.
جۆرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، بە گوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکان زۆرترین تووشبووانی شێرپەنجە لە ئافرەتان تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن؛ دوای ئەوەش شێرپەنجەی سییەکان، کۆڵۆن، پرۆستات و خوێن بەشێکی دیکەی ئەو تووشبووانەن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
دکتۆر رێباز عەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا لە نەخۆشخانەی هیوام لە سلێمانی؛ زۆرترین نەخۆش کە وەریان دەگرین لە ئافرەتاندا تووشبووانی شێرپەنجەی مەمکن؛ هەروەها شێرپەنجەی سییەکان و کۆڵۆنە لە هەردوو رەگەز."
دکتۆر رێباز دەڵێت، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی کۆڵۆن لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە بەتایبەت تووشبووانی کەمتر لە 45 ساڵ. لەبارەی هۆکاریشەوە گوتی، "بەشێکی بۆماوەییە. هەروەها گۆڕانی جۆرەکانی خۆراک و هەبوونی خواردنە فاست فوودەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی قەڵەوییە."
رێگەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجە
د. سامیە جەلال، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و پسپۆڕی وردی نەشتەرگەرییەکانی مەمک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند رێگەیەکی داناوە بۆ هەموو کەسێک بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوون بە شێرپەنجە، لەوانە؛ خۆپاراستن لە قەڵەوی و وەرزشکردنێکی رێکوپێک."
ئەو پزیشکە دەڵێت، "خواردنی تەندروست، واتا کەمکردنەوەی شیرینی و زیاترکردنی سەوزەکان، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان رێگەکانی دیکەی خۆپاراستنن لە تووشبوون بە شێرپەنجە."
هەروەها دکتۆر رێباز، پسپۆڕی شێرپەنجە بە "زۆر گرنگ"ـی دەزانێت هاونیشتمانییان پشکنینی پێشوەختەی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بکەن؛ دەشڵێت، "پێویستە هەموو کەسێک لە جیهاندا دوای تەمەنی 45 ساڵی نازوورێک بکات، بەڵام بەداخەوە لێرە ناکرێت و ئەو هۆشیارییە نییە."
دکتۆر رێباز عەلی ئاماژەی بەوەکرد، تێچووی پشکنینەکانی شێرپەنجە زۆر نین و هاونیشتمانییان دەتوانن پشکنینی پێشوەختە بکەن بۆ پاراستنی تەندروستی و ژیانیان و دەڵێت، "شێرپەنجەی مەمک کە باوترینە، پشکنینەکەی 15 بۆ 20 هەزار دینارە."
گوتیشی، "پێویست وایە هەموو کەسێک کە تەمەنی دەگاتە 55 ساڵ بەرەو سەرەوە پشکنینی سیتی سکان بۆ زانینی تووشبوونی بە شێرپەنجەی سییەکان بکات، بۆ ئەوەی ئێمە پێشوەختە پێی بزانین، کە رەنگە 50 هەزار دیناری تێنەچێت."
پزیشکانی پسپۆڕ کۆکن لەسەر ئەوەی، پشکنینی پێشوەختەی جۆرەکانی شێرپەنجە دەبێتە هۆکاری زووتر چارەسەر و چاکبوونەوەی نەخۆشەکە و کەمبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون. دکتۆر رێباز عەلی گوتی، "تووشبوونی شەش هەزار کەس بەگوێرەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هۆشیاریی زیاتری هاونیشتمانییانە."
چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە بێ بەرامبەر دەکرێت. دکتۆر چەکدار ئەحمەد، یاریدەدەری سەرۆکی سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆک گوتی، "90%ـی ئەو چارەسەرانەی بۆ شێرپەنجە بەکاردێن لە جیهاندا لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێ بەرامبەر دابین دەکرێن، هەندێک دەرمانی تایبەت هەن لە نەخۆشخانەکاندا نین و دەبێت نەخۆش لە دەرەوە بیانکڕێت."
دەرمانەکانی بەهێزکردنی بەرگریی جەستە و هۆرمۆنات، هەروەها چارەسەر بە تیشک و جۆرەکانی نەشتەرگەری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا پێشکێشی نەخۆشان دەکرێن.
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لەسەر شێرپەنجە دەڵێت، بەکارهێنانی جگەرە، خواردنەوە کحولییەکان، قەڵەوی و پیسیی کەشوهەوا هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ژمارەی تووشبوانن بە شێرپەنجە.
بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەی ئەو ئاژانسە، هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وەک زیادبوونی تەمەنی دانیشتووان و مەترسییە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سەردەمییانە، ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە زیاد دەکات.
دکتۆر ئاندرێ ئیلباوی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە ئاژانسەکە دەڵێت، "دووهێندەبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بە واتای دووهێندەبوونی ژمارەی نەخۆشخانە و هێزی کار و کەرەستەی پزیشکی، هەروەها دووهێندەبوونی تێچووی چارەسەرکردن دێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە سیستمی تەندروستییان ئامادە و گونجاو نییە."
ئاژانسی شێرپەنجەی سەر بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشبینیی کردووە، تاوەکو ساڵی 2050 ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە بەرزببێتەوە بۆ 33 ملیۆن تووشبوو. لە کاتێکدا لە ساڵی 2022 ژمارەی تووشبووان گەیشتبووە 20 ملیۆن کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ