دکتۆر ئاراس شتێكی سەیر لە تانکیی ئاویی ماڵاندا دەدۆزێتەوە

04-09-2022
هونەر رێبوار
دکتۆر ئاراس شتێكی سەیر لە تانکیی ئاویی ماڵاندا دەدۆزێتەوە
دکتۆر ئاراس شتێكی سەیر لە تانکیی ئاویی ماڵاندا دەدۆزێتەوە
A+ A-


رووداو- هەولێر

پسپۆڕێكی کیمیای شیکاری لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس رایدەگەیێنێت هەندێكجار بەهۆی پاکنەکردنەوەیان، ئاویی ماڵان بەهۆی پشیلە، باڵندەی کێوی، ژەنگ و تەپوتۆز پیسدەبن، دەشڵێت هەموو ماڵێك دەبێت ساڵانە لانیکەم جارێك تانکیی ئاویی سەربانی پاکبکاتەوە.

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، دوو مژاری سەرەکی لە بەرنامەکە باسدەکرێن، لە بڕگەی یەکەمدا باسی کەمخۆریی منداڵان دەکرێت، بڕگەی دووەم تایبەتە بە شۆردنی تانکیی سەربانیی ئاویی ماڵان، هەردوو بڕگەکە بە میوانداری پسپۆڕانی بوارەکە گەنگەشە دەکرێن. 

لە بڕگەی دووەمدا د. ئومێد، پسپۆڕی کیمیای شیکاری دەڵێت هەموو ماڵێك ماوە ماوە تانکیی ئاوی سەربان بشوات، کە لە ساڵێك زیاتر نەبێت و لانیکەم مانگانە جارێكیش پشكنینی چاو بۆ تانکییەکە بکرێت. 

پسپۆڕە میوانەکەی دکتۆر ئاراس دەڵێت هەندێكجار باڵندە کێوییەکان دەکەونە نێو تانکیی ئاویی سەربان، هەندێكجاریش تانکیی ئاویی سەربان بە خۆڵبارین پیسدەبێت، دەشڵێت ژەنگ رەنگە هۆکاری پیسبوونەکە بێت و تەنانەت هەندێكجار هۆکارە بۆ ژەهراویبوون بە ماددەی ئاسن. 

بۆ پاراستنی کوالێتی ئاوەکە، د. ئومێد دەڵێت دەکرێت تانکیی ئاویی سەربان بە بۆیەی خۆراکی بۆیە بکرێت، کە دەیپارێزێت لە ژەنگکردن، هاوکات دەشڵێت تانکیی پلاستیک لە تانکیی ئاسن باشترە، بەو مەرجەی پلاستیکیی ریسایکڵین بۆ دروستکردنی بەکارنەهێندرابێت و دەشڵێت پلاستیکیی ریسایکڵین بۆ دروستکردنەوەی هیچ کەلوپەلێکی خۆراکی بەکارنەیەتەوە.

لە بەرنامەکەدا دکتۆر ئاراس برادۆستی ئەو ئاوە هەڵدەگرێت کە لە پاککردنەوەی تانکییەکە دەرهێندراوە و شتێكی سەیر دەدۆزێتەوە، بینەری بەرنامەکە بن..

شرووبی زیادکردنی ئارەزووی خۆراک "شەهیە" بە منداڵ بدرێت؟

دکتۆر سۆران سابیر عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان لە بڕگەی یەکەمدا دەڵێت دەکرێت کەمخۆریی منداڵ بەهۆی نەخۆشی یان بەشێوەیەکی ئاسایی بێت، بەڵام روونیدەکاتەوە پێویستە دایک و باوک رۆڵیان هەبێت، ئەرکی باوانی منداڵە جۆر و کوالێتیی خۆراک دیاریبکەن، بەڵام منداڵ خۆی بڕیاربدات چەند بخوات. 

پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان دەڵێت مەبەست لە کەمخۆری؛ کەمتربوونەوەی ئارەزووی منداڵە بۆ خۆراک بەراورد بەپێشووتری، دەشڵێت هەندێكجار منداڵ زۆردەخوات، بەڵام چونکە خۆراکەکانی نادروستن و زیاتر خۆراکە شیرین و خۆراکە خێراکانن، نە گەشەیان پێدەکان و نەدەبێتەهۆی بەرزبوونی باڵانی منداڵەکە. 

دکتۆر سۆران سابیر عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان بەڕوونی دەڵێت دایک و باوک خۆراکی ناتەندروست بخۆن، منداڵەکەش دەیخوات، بۆیە لەجیاتی پێگوتن و گوشار خستنەسەری، دەبێت ژەمی دایک و باوک تەندروست بێت، ئەو کاتە منداڵەکەش دەیخوات، هاوکات دەشڵێت رۆژانە منداڵ سێ ژەم و سێ سووکەژەمی تەندروست بخوات، بەڵام نابێت سووکەژەمەکان نزیکی ژەمە سەرەکییەکان بن.

پزیشكە پسپۆڕەکەی گەشەی منداڵان دەڵێت هەندێكجار کەمخۆریی منداڵ بەهۆی قەبزی، یان بەهۆی کەمخوێنییە، بەڵام نابێت بەبێ راوێژی پزیشك شرووبی زۆرخۆری و شەهییە بە منداڵ بدرێ، چونکە دەستنیشانکردنی هۆکارەکە دەبێت پێش وەرگرتنی چارەسەربێت، هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە هەندێكجار نەخۆشییەکی مەترسیدار هۆکاری کەمخۆرییە و ئەگەر زوو دەستنیشانی حاڵەتەکە نەکرێت، مەترسییەکە بەردەوامدەبێت و زیاددەبێت. 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی ورد و دروست لەبارەی خۆراکەکانی ژەم و سووکەژەمەکان، بینەری بەرنامەی دکتۆر ئاراس بن..

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.