کۆرۆنا لە پاییز و زستان دێتەوە؟

03-09-2020
ئاراس برادۆستی
ئاراس برادۆستی
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
 
منیش وەکو هەمووان حەزدەکەم هەرچی هەواڵی خۆش هەیە بیبیستم و بیگەیەنمە خەڵک، بەڵام زانست خۆش و ناخۆشی نییە و دەبێت ئەمانەتە زانستییەکە وەک خۆی بگەیەنم.
 
ئەوەی لە زانستی پەتازانیدا هەیە و وەکو بیرکاری وایە، چۆن 1+1=2 ئاواش زانستی پەتازانی بە توێژینەوە لە پەتاکانی سەروو 100 ساڵی رابردوو پێماندەڵێت کۆرۆنا لە پاییز و زستاندا جارێکی دیکە بە چڕی "چڕتر لە هاوین" بڵاودەبێتەوە،  هێشتا ژمارەیەکی بەرزی تووشبووان لەنێو کۆمەڵگەدا هەن  و دەبنە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی زیاتر، کۆرۆنا خۆی بۆ کەشێکی لەبارتر مەڵاسداوە، گرنگترین ئەو خاڵانەی کە لە پاییز و زستاندا لە بەرژەوەندیی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی زیاتریدایە ئەمانەن:
 
داخراویی ماڵ و شوێنەکانی کار و مانەوە
 
کۆرۆنا لە هەوای شوێنی داخراودا زیاتر دەمێنێتەوە، لە زستاندا خەڵکی لەبەر سەرما ناچارن دەرگا و پەنجەرەی ماڵ، شوێنەکانی کار و مانەوەیان دابخەن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدایە.  
 
بەرزبوونەوەی رێژەی شێ
 
پرۆفیسۆر ئاکیکۆ ئاوساکی لە ئەمریکا دەڵێت پلەی گەرما و راددەی شێ لە پاییز و زستاندا هاوکارییەکی باشی گواستنەوەی خێرای ڤایرۆسەکان بەگشتی و کۆرۆنا بەتایبەتی دەکەن.
 
بوونی نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە
 
نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکەی وەکو هەڵامەت، ئینفلەوەنزای وەرزی و خوشک و براکانی، تێکەڵاوی و زەحمەتییەکی زۆر بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دروستدەکەن بۆ جیاکردنەوەی نیشانەکانیان، ئەمەش کارەکە یەکجار زەحمەت دەکات، ئەوکاتە پزیشک دەبێت هەڵامەت و ئینفلەوەنزا و هاوڕێکانی لە کۆرۆنا جیابکاتەوە، ئەمەش پێویستیی بە تێستی زۆر زیاتر دەبێت، بە دڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆری هەڵامەت دەبنە کۆرۆنا و رێژەیەکی بەرزی تووشبووی کۆرۆناش بە تووشبووی هەڵامەت حیساب دەکرێن، ئینجا ئەوانەش پەیدادەبن کە هەردووک نەخۆشییەکەیان بەیەکەوە هەیە، ئیدی جیاکردنەوەیان هێندە زەحمەت دەبێت کە خۆزگە بە هاوین بخوازین.
 
دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی خوێندنگە و زانکۆکان
 
هەرچەندە جارێ حکومەت بڕیاریدا دەرگای قوتابخانەکان نەکاتەوە، بەڵام لە هەر قۆناخێکی پاییز و زستاندا بکرێنەوە دیسان کۆرۆنا دەیکاتە رۆژی خۆی.
 
خوێندنگەکانی کوردستان کەمترین مەرجی تەندروستییان تێدایە، کڵاسێک بۆ 20 قوتابی دروستکراوە ئێستا زیاتر لە 50 کەسی تێدایە، بێگومان لە زستاندا دەرگا و پەنجەرەکانیش دادەخرێن، کۆرۆنا لەو کەشەدا شاگەشکەدەبێت.
 
کەشی سارد
 
کۆرۆنا حەز بە کەشوهەوای سارد دەکات، بۆیە لە پاییز و زستاندا دڵی خۆشترە و چالاکترە، چونکە ئەو نێوەندەی بەشدار دەبێت بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێو جەستەی مرۆڤ ساردترە و ئەمەش دڵخوازی هەموو ڤایرۆسەکان و لەنێویشیاندا کۆرۆنایە.
ئەی بۆ لە هاوینیشدا و لەو کەشە گەرمەی کوردستان و هەندێک وڵاتی دیکە هەر لە بڵاوبوونەوەدایە؟ ئێ خۆ ئێمە هێشتا پاییز و زستانی کۆرۆناویمان نەبینیوە!
 
کەمیی تیشکی UV
 
بڕوا وایە کە تیشکی UV کاریگەریی بەسەر چالاکیی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەبێت، گروپی راوێژکاریی زانایانی بەریتانیا بۆ حاڵەتە ئیمڕجێنسییەکان دەڵێت کەمی تیشکی UV لە پاییز و زستاندا لە بەرژەوەندیی ڤایرۆسەکەدایە.
 
پیچەوانەی وەرزی هاوین کە تێیدا کەش گەرمە و ئەگەر کاریگەریشی بەسەر خودی ڤایرۆسەکە نەبێت، لانیکەم رەنگە بڵاوبوونەوەکە هێواش بکاتەوە، شوێنەکانی کار و ماڵ زێدەتر کراوەن، راددەی شێ لە بەرژەوەندیی کۆرۆنا نییە، نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە کەمن و تاکە یاریزانی نێو گۆڕەپانەکە کۆرۆنایە، هیچ نەخۆشییەکی دیکە نییە نیشانەکانی لەگەڵ کۆرۆنا تێکەڵبکرێن، قوتابخانە و زانکۆکان داخراون و 50 قوتابی لە ژوورێکی بچووکی داخراودا نین.
 
ئەگەر کۆرۆنا لە پاییزدا بێتەوە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە دەقۆزێتەوە و خراپ دەقەومێت، تاکە رێگر ئامادەکارییەکی جیددییە بۆ هەموو ئەگەرە خراپەکان، بەڵام ئامادەکارییەکان یان دەبێت دەستیانپێکردبێت یان لانیکەم پێویستە ئێستا دەستپێبکەن، نابێت بگەینە پاییز ئینجا وەزارەتی تەندروستی بپڕژێتە سەر خۆئامادەکردن.
 
یەکێک لە ئامانجەکانی قەدەخەی هاتووچۆ لە هەموو وڵاتان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەوەبوو کە کات بدەنە کەرتی تەندروستی بۆ خۆئامادەکردن، ئینجا لەنێوان هەڵکشانی یەکەم و دووەم، لەنێوان شەپۆلی یەکەم و دووەمیشدا وڵاتان هەموو چرکەیەک دەقۆزنەوە بۆئەوەی بتوانن باشترین ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بکەن.
 
ئێستا کە لە سلێمانی هەڵکشانی دووەمی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا داکشاوە، لە هەولێر بەرەو داکشانە و لە دهۆکیش دوای تەواوبوونی هەڵکشانەکە دێتە خوارەوە، کاتی ئەوەیە وەزارەتی تەندروستی خۆی ئامادەبکات بۆ وەرزی پاییز و زستان، بەلام ئامادەکارییەکی جددی و کاریگەر، دەبێت وەزارەتی تەندروستی لە ئێستاوە داوای بودجەیەکی شایستە بکات بۆئەوەی لە هەموو لایەنەکانەوە خۆی بۆ شەپۆلێکی بەهێزی کۆرۆنا ئامادەبکات.
 
ئێستا ژمارەی فەرمیی تووشبووان بە کۆرۆنا لە دەوری 600 کەس و ژمارەی مردووانیش لە دەوری 25 کەسە لەماوەی 24 کاژێردا 
"ژمارە راستەقینەکە چەندهێندە"،  پیشتر لە سلێمانی و ئێستاش لە هەولێر چەندین نەخۆشمان هەن کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستییان بە چاودێرێی چڕ هەیە بەلام جێگە نییە، چەندین کەس درەنگ دەکەنە نەخۆشخانەکان و دەمرن پێش ئەوەی تەنانەت بە تێستی کۆرۆناش رابگەن، ئەگەر ئامادەکارییەکی باش نەکرێت لە زستاندا ژمارەکان هێندە بەرزدەبنەوە کە خۆزگە بە ئیتاڵیا بخوازین لەو کاتەی کە لە سەختترین دۆخدا بوو.
 
ئەم پرسە پەیوەندیی بە چەند سێکتەرێکەوە هەیە و تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە، تەندروستی دەبێت تەنیا سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاریی پرۆسەکە بکات، لەم بابەتەدا نابێت وەزارەتی تەندروستی و خودی بەرێز وەزیری تەندروستی بە تەنیا بەجێبهێڵدرێت.
 
بەڕێزان لە حکومەت بەگشتی و وەزارەتی تەندروستی بەتایبەتی
 
ئەگەر ناتانەوێت لە پاییز و زستاندا کارەسات رووبدات، ئەگەر خواستتانە کۆرۆنا گورزێکی کەمەرشکێنمان لێنەدات، ئەگەر دەتانەوێت ژیانی خەڵکی لە سەرمادا بەهۆی کۆرۆنا سست نەبێت، تکایە بەپەلە ئامادەکاری جددی دەستپێببکەن، زۆر درەنگە..
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە