رووداو دیجیتاڵ
ڤایرۆسی RSVـین پەتایەکی وەرزییە لە نێو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان لە دهۆک دەڵێت: "منداڵی خوار دوو ساڵ مەترسیی لەسەر ژیانیان زۆرە." بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەڵێن: "پەتایەکی وەرزییە، هەموو ساڵێک هەیە و [لێرە] هیچ مەترسی نییە."
رۆژی یەکشەممە، دووی ئاداری 2025، د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" بەشێک لە منداڵەکان لەژێر ئۆکسجیندان و تووشبووی ڤایرۆسی RSVـین کە وەرزییە و تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی دیاریکراوی نییە."
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان، تەنیا مانگی رابردوو 15 هەزار نەخۆش تۆمارکراون کە 80٪ـیان تووشبووی ڤایرۆسی RSV بوون کە زیاتر لە 100 نەخۆشیان خەوێندراون.
د.کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەم ڤایرۆسە لە پارێزگای سلێمانیش هەیە، پەتاییەکی وەرزییە، ساڵانە لە مانگی 10 و 11 بڵاودەبێتەوە، تاوەکو مانگی سێ و چوار دەمێنێت."
ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە و لە رێگەی هەناسەوە دەگوازرێتەوە. د.کۆیان زاهیر دەڵێت، "بە گشتی لە منداڵاندا روودەدات، بەڵام تاوەکو تەمەنی منداڵەکە بچووکتر بێت ئەو نەخۆشییە زیاتر بەسەریدا زاڵ دەبێت."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی گوتی: "ئێستا رێژەی تووشبوون لە سلێمانی ئاساییە، لە مانگی 12 بۆ یەک زۆر بوو، بەڵام لە کۆتاییەکاندا کەم دەبێتەوە."
هاوکات د. مەحموود محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "ئەم نەخۆشییە وەک هەموو ساڵێکە و بگرە کەمترشە، هیچ مەترسییەکی نییە، نەخۆشییەکی وەزرییە و هەموو ساڵێک هەیە."
ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
* منداڵی تەمەن زۆر بچووک
* منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ