رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، ستاتینەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن کەمدەکەنەوە.
زانکۆی وێڵ کۆرنێڵ لە ئەمریکا دەریدەخات، ستاتینەکان دەرمانی تایبەت بە کەمکردنەوەی چەوریی خوێنن و لەگەڵ نزمبوونەوەی چەوریی خوێن، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆنیش کەمدەکەنەوە.
تویژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی وێڵ کۆرنێل لە نیویۆرک کرا و دەرکەوت، دەرمانی ستاتین کاردەکاتە سەر کۆمەڵێک خانەی چەوریی کۆلستڕۆڵ کە هۆکارێکن بۆ یارمەتیدانی گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکانی کۆڵۆن.
د. جۆرج مۆسکات، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''دەرمانی ستاتین لە ئەمریکا زۆر دەنووسرێت لەلایەن پزیشکانەوە، کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کۆلستڕۆڵ لە خوێندا، بۆیە لە شێرپەنجەی کۆڵۆندا، بە هەمان شێوە کاردەکات بۆ رێگریکردن لە گەشەکردنی شێرپەنجەکە''.
شێرپەنجەی کۆڵۆن سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا و کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، خواردنی سەوزە و میوەکان و خۆراکی دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە کەمدەکەنەوە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە یاخود دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان مەترسییەکە کەمدەکەنەوە.



