راپرسییەک: 72٪ـی خەڵک پێیان وایە بایدن هیچ کێشەیەکی دەروونی و هزری نییە، بەڵام بۆ ترەمپ پێچەوانەیە

01-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دوای ئەنجامدانی دیبەیتی نێوان هەردوو بەربژێری سەرەکی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەگەرەکانی تووشبوونی بایدن بە کێشەی دەروونی و هزری لای خەڵک کەمبووەوە.
 
بە گوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای توێژینەوەی ئەمریکیی YouGov، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا پێیان وایە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ''هیچ کێشەیەکی هزریی و دەروونی نییە بۆ ئەوەی وەکو سەرۆک خزمەتبکات''.
 
لەنێو راپرسییەکەدا هاتووە کە 72٪ـی دەنگدەران پێیان وایە بایدن دەروونی جێگیرە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دوای دیبەیتەکە ئەو رێژەیە زیادی کردووە، چونکە لە راپرسیی پێش دیبەیتەکە رێژەکە 67٪ بوو.
 
تەنانەت راپرسییەکە ئەوەش ئاشکرادەکات، 50٪ـی دەنگدەران دەنگیان بەوەداوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کێشەی دەروونیی هەیە و سەلامەت نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەرۆکایەتی.
 
لە راپرسییەکە دا هەزار و 100 دەنگدەر بەشداربوون و رۆژی پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024 بەکاتی واشنتن و بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیران بەکاتی هەولێر، دوای چوار ساڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستا لە دیبەیتێکی 90 خولەکیدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و باسیان لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە ئەمریکا و دەرەوە کرد. 
 
لە دیبەیتەکە بایدن 35 خولەک و ترەمپیش 40 خولەک قسەیانکرد. دوو سەرۆکەکە لەسەر کۆمەڵێک بابەت مشتومڕیان کرد و لە چەند بابەتێکیش یەکدییان تۆمەتبار کرد.
 
بۆ خوێندنەوە و بینینی قسەکانیان کلیک لێرە بکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە