
دەربارە
نزار جەزا
رووداو - سلێمانی
لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی، قوتابخانەی ئەیوبییەی بنەڕەتی 101 ساڵە چرای پەروەردە و فێرکردنی تێدا نەکوژاوەتەوە. ئەم قوتابخانەیە لە ساڵی 1925 دامەزراوە و سێ بینای گۆڕیوە تاوەکو گەیشتووەتە ئەم باڵەخانەیەی ئێستای کە لە ساڵی 1951ـەوە وانەی تێدا دەخوێنرێت. یەکەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کە هاوکات مامۆستای هەموو وانەکانیش بووە، زیوەری شاعیر بووە و تاوەکو ئێستا 20 بەڕێوەبەری بەخۆوە بینیوە.
لەم قوتابخانەیەدا خوێندن بووەتە میراتێکی بنەماڵەیی و زۆربەی قوتابییەکان لە شوێنی دایک و باوک و باپیرانیان دەخوێنن. یەکێک لە قوتابییەکان لەبارەی ئەم هەستەوە دەڵێت: "دایک و باوکمان و باپیرمان هەموومان لێرە فێری پیتەکان و وانەکان بووین، نەک هەر خۆم، زۆربەی هاوڕێکانیشم دایک و باوک و باپیریان هەر لێرە خوێندوویانە". قوتابییەکی دیکەش دەڵێت: "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە چونکە باوک و باپیرانیشم لێرە خوێندوویانە، باوکم گوتی مادام باوک و باپیرانمان لێرە بوون، دەبێت تۆش هەر لەم قوتابخانەیە بخوێنیت".
مامۆستا نەزیرە نووری، کە خۆی لەم قوتابخانەیە قوتابی بووە و ئێستا مامۆستای زمانی کوردییە و منداڵەکانیشی هەر لێرە خوێندوویانە، لەبارەی یادگارییەکانیەوە دەڵێت: "بەراستی ئێستا مامۆستاکان هەموویان وەکو هاوڕێن و رێزێکی زۆر لە نێوانماندا هەیە، ئێستا زۆر تامەزرۆم بچمەوە پۆلی یەک، شانازی بە قوتابخانەی ئەیوبییەوە دەکەم و هەروەها بە گەڕەکی چوارباخیشەوە".
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قوتابخانەیە، پاراستنی تەواوی تۆماری گشتی و ئەرشیڤی قوتابیان و مامۆستایانە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ؛ تێیدا ناو و وێنەی چەندین کەسایەتیی نێوداری وەک مامۆستا جەمال عەبدول و مامۆستا ئەحمەد سالار و تەنانەت مامۆستایانی کریستیان و جووش پارێزراون.
یەکێک لە بەرپرسانی ئەرشیڤی قوتابخانەکە دەڵێت: "هەموو تۆمارە گشتییەکان، ناو و وێنە و نمرەی قوتابییەکانمان پاراستووە و بە ئەلیکترۆنیشمان کردوون. پاراستنیان زۆر قورسە، بەڵام بۆکسی تایبەتمان بۆ دروست کردوون و تاوەکو زۆر پێویست نەبێت دەستیان لێ نادەین بۆ ئەوەی نەفەوتێن. رۆژانە قوتابییە کۆنەکان، تەنانەت لە ئەوروپاوە سەردانمان دەکەنەوە بۆ ئەوەی وێنە و ناوی منداڵیی خۆیان لە تۆمارەکاندا ببیننەوە" ئێستا قوتابخانەکە 350 قوتابی و 49 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە.