
کەڤین حوسێن
رووداو - باتیفا
لە نێو سرووشتی جوانی گوندی خەندەک سەر بە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئازاد محەممەد نموونەیەکی خۆڕاگری و ئیرادەی نیشان داوە. ئازاد لە ساڵی 1983دا، کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بوو و لە پۆلی یەکی سەرەتایی دەیخوێند، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا بەهۆی کێشەی تۆڕی چاوەوە بینایی خۆی لەدەستدا، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەبەردەم کارکردن و بەڕێوەبردنی ژیانیدا.
ئازاد محەممەد لەبارەی ئەو شەوەی بینایی لەدەستدا و بێئەنجامبوونی چارەسەرەکانەوە دەڵێت: "ساڵی 1983 بوو، لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم. شەوەکەی خەوتم و بەیانی کە هەستام هەمووی تاریک بوو، وامزانی کارەبا بڕاوە یان شتێک کەوتووەتە بەردەم چاوم. دواتر چووینە لای پزیشک و تەنانەت چووینە موسڵ و بەغداش، هەموو پشکنینێکیان بۆ کردم، بەڵام گوتیان تۆڕی چاوی وشك بووە و چارەسەری نییە".
ئەو بە تەنیا و بەبێ یارمەتیی هیچ کەسێک کارەکانی باخداری و جووتیاری دەکات؛ تەنانەت لە رێگەی دەستلێدان و بۆنکردنەوە جۆری میوە و کاتی پێگەیشتنیان دەزانێت و زیاتر لە 500 داری هەنجیر، هەنار و قەیسی لە باخەکەیدا چاندووە.
ئازاد محەممەد لەبارەی کارکردنی لەنێو باخ و ئاژەڵەکانیدا دەڵێت: "بە دەستلێدان و بۆنکردن دەزانم کام میوە پێگەیشتووە؛ تەنانەت دەزانم رەنگی هەنارەکە سوورە یان سەوز. نزیکەی 500 داری هەنجیر، هەنار و قەیسیم هەیە و خۆم هەموویان ئاو دەدەم و خزمەتیان دەکەم. جگە لە باخەکە، مەڕ و ماڵاتیشم هەیە و بە تەنیا خزمەتیان دەکەم، چیم پێویست بێت بە دەستەکانی خۆم دەیکەم".
ئازاد باوکی نۆ منداڵە و سەرەڕای ئەرکی قورسی کارکردن، بانگبێژی مزگەوتی گوندەکەشیانە و دەڵێت: "من هیچ گلەییەکم لە خودای گەورە نییە، هەمیشە سوپاسگوزارم. دەچمە مزگەوت، بانگ دەدەم و نوێژەکانم دەکەم و خێزانەکەشم بەڕێوەدەبەم. نابینایی نەبووەتە رێگر لەبەردەممدا، چونکە دەست و بیر و ئیرادەم لەدەست نەداوە".