
ناسر عەلی
رووداو - دهۆک
حەسەن بیبۆ، ماوەی چل ساڵ لە تەمەنی خۆی تەرخان کردووە بۆ گەڕان و کۆکردنەوەی هەموو ئەو بەرهەم و یادەوەرییانەی پەیوەندییان بە هونەرمەندانی کوردەوە هەیە. ئەو بەشێکی ماڵەکەی لە دهۆک گۆڕیوە بۆ مۆزەخانەیەکی بچووک کە نزیکەی پێنج هەزار بەرهەمی هونەری، لە وێنە، کاسێتی دەنگی و دەستنووس تێیدا کۆکراونەتەوە و پارێزراون.
حەسەن بیبۆ لەبارەی پاڵنەری سەرەکیی خۆی بۆ پاراستنی ئەم ئەرشیڤە نەتەوەییە دەڵێت: "من چل ساڵ لە تەمەنی خۆم بۆ ئەرشیڤکردن و پاراستنی بەرهەم و وێنەی هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستان تەرخان کردووە. دەمویست نەوەکانی ئێمە بەردەوام هونەرمەندە کلاسیکییەکانی خۆیان بناسن کە خزمەتی هونەری کوردییان کردووە. مەبەستێکی دیکەشم ئەوە بوو کە دەوروبەرمان؛ تورک، فارس و عەرەب، گەلێک لە سترانەکانی ئێمەیان بۆ خۆیان بردووە و وەک ئاوازی خۆیان لێیان داوە و حیسابیان کردووە».
ئەم ئەرشیڤکارە بۆ دۆزینەوەی یەک پارچە وێنە یان کاسێتی دەنگبێژێکی کۆن، سەدان کیلۆمەتری بڕیوە و سەردانی شارە جیاوازەکانی کردووە.
حەسەن بیبۆ لەبارەی ماندووبوونی گەشتەکانیەوە دەڵێت: "ئەم کارە تەنیا ئەوە نەبوو لەناو شارەکانی کوردستاندا بگەڕێم، بەڵکو چوومەتە بەغدا، موسڵ، کەرکووک، سلێمانی و هەولێر، هەروەها چوومەتە باکوور و رۆژئاوای کورستان؛ لە حەلەب و دیمەشقیش بەرهەمم هێناوەتەوە. هەرکاتێک ببیستبایەم وێنەیەکی دەگمەنی هونەرمەندێک لە شوێنێک هەیە، ئامادە بووم تاوەکو حەلەب و دیمەشق بڕۆم بۆ ئەوەی بیهێنم و بیپارێزم».
بیبۆ نیگەرانیی خۆی لە چارەنووسی ئەم گەنجینە هونەرییە دەردەبڕێت و داوای بەدەنگەوەهاتن دەکات: "من چل زستانە وەک منداڵێکی ساوا سۆپام بۆ ئەم ئەرشیڤە هەڵکردووە تاوەکو شێ و ساردی تێکیان نەدات، نانم نەخواردووە تا ئاگاداریان بم. دەمەوێت لایەنێکی پەیوەندیدار کە خەمخۆری کولتوور و فۆلکلۆری کوردی بێت، بێتە پێشەوە و خاوەنداری لەم کارە بکات و شوێنێکی شایستەی بۆ بکاتەوە تاوەکو بۆ هەمیشە بە پارێزراوی بمێنێتەوە"