
مەهدی فەرەج
رووداو - بەیژینگ
چا یەکێک لە کۆنترین خواردنەوەکانی جیهانە و سەرچاوەکەی بۆ وڵاتی چین دەگەڕێتەوە. مێژووی ئەم خواردنەوەیە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ دەگوترێت یەکەمجار پاشایەکی چینی بە ناوی شێن نۆنگ چای دۆزیوەتەوە، کاتێک بە رێکەوت گەڵای دارێک دەکەوێتە نێو دەفرە ئاوە گەرمەکەیەوە، لەو کاتەوە چا بووەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە ژیانی خەڵکی چین.
چین وڵاتی چایە و هەزاران جۆری چای تێدایە کە بە نرخ و شێوازی جیاواز دەفرۆشرێن. وانگ شوان بین، فرۆشیاری چا، ئاماژە بەوە دەکات کە کڕیارەکانیان لە زۆر وڵاتەوە دێن، وەک ئێران و تورکیا، و دەڵێت: «ئەوان دەزانن خواردنەوەی چای چینی بۆ تەندروستیی جەستە و جوانیی پێست زۆر بەسوودە. لێرە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان چای چینی و بیانی، تەنیا لە شێوازی لێنانەکەشی لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکە دەگۆڕێت».
لە چین، چا هێمایەکە بۆ رێزگرتن و پێشوازی. کاتێک میوانێک دێت، پێشکەشکردنی کوپێک چا نیشانەی میواندۆستییە. چا بە جۆرە جیاوازەکانی وەک چای سەوز، چای رەش، چای ئۆلۆنگ و چای سپی ناسراوە، کە هەر یەکێکیان تام و شێوازی ئامادەکردنی تایبەت بە خۆی هەیە. وانگ جینگ، هاووڵاتییەکی چینی، باس لە کاریگەریی کولتووری چا دەکات و دەڵێت: «ئێمە لە منداڵییەوە لەژێر کاریگەریی خێزانەکانماندا گەورە بووین، داپیرە و باپیرمان زۆر حەزیان لە چا بووە. من ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانم هاتووم تاوەکو پشوویەک بدەین؛ چا وا دەکات ئارام ببینەوە و بەبێ هیچ گوشارێک قسە بۆ یەکدی بکەین، جیا لەوەی سوودێکی زۆریشی بۆ تەندروستییمان هەیە». هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لی شیاو یو، کڕیارێکی چا، دەڵێت: «ئەمڕۆ هاتووم چا بۆ هاوڕێکانم بکڕم، چونکە دەمەوێت هەمیشە تەندروست بن و پێستیان گەشاوە بێت، هەروەها پاکەتێک چاش بۆ باوکم دەکڕم بۆ ئەوەی جەستەی تەندروستتر بێت».
لێنانی چا پێویستی بە وردەکاری و شارەزاییەکی زۆر هەیە. چینییەکان گرنگییەکی زۆر بەو دەفرانە دەدەن کە چای تێدا لێ دەنرێت، بەتایبەتی دەفری گڵین، چونکە گەرمیی ئاوەکە دەپارێزێت. پلەی گەرمیی ئاوەکە رۆڵی سەرەکی لە تامی راستەقینەی چاکەدا دەبینێت؛ بۆ نموونە چای ئۆلۆنگ پلەی گەرمیی 90 بۆ 95ی گونجاوە، بەڵام بۆ چای سەوز 80 بۆ 85 پلە بەسە. هاوکات جۆرە چایەکی وەک 'پو-ئێر' تەمەنی بەسەرناچێت، بەڵکو چەندە کۆنتر بێت تامەکەی خۆشتر و نرخەکەشی گرانتر دەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە نزیکەی دوو ملیار لیتر چا لە چین دەخورێتەوە. لە نێو هەزاران جۆری چادا، دەگمەنترین و گرانترین جۆریان چای 'داهۆنگ پاو'ـە، کە نرخی یەک کیلۆی دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار، بەمەش دەبێتە یەکێک لە گرانترین خواردنەوەکانی جیهان. لە فەلسەفە و نەریتی چینییەکاندا، ئاو بە دڵی چا هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستی مرۆڤ و ئاگرەکەش بە رووحی چا دادەنرێن؛ فەلسەفەیەک کە تێیدا گەڵایەک دەبێتە پردێک بۆ ئارامیی رووح و تەندروستیی جەستە.