لە شاری سلێمانی، ناوەندێکی نوێی هونەری بە ناوی گەلەریی هۆدە کراوەتەوە، کە بووەتە پەناگە و شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ هونەرمەندان و دۆزینەوەی بەرهەمی شێوەکاری، وێنەگری و کاری دەستی. ئەم گەلەرییە جگەلەوەی شوێنێکە بۆ پیشاندانی هونەر، ژینگەیەکی ئارامیشە بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە هونەرییەکان.
گەلەریی هۆدە لە ساڵی 2025ـەوە دەستی بە کارکردن کردووە و لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی سەرنجی بەشداربووان و هۆگرانی هونەر رابکێشێت. گەلەرییەکە پێکدێت لە سێ نهۆم و چەندین بەشی جیاواز؛ نهۆمی یەکەمی تایبەتە بە شێوەکاریی سێ رەهەندی و ژینگەیەکی خەیاڵی کە بە تەنیشت دیوارەکاندا کێشراوە، نهۆمی دووەمی گەلەریی هۆدە تایبەتە بە پیشانگەی هەمەجۆر و پیشاندانی بەرهەمی هونەرمەندانی جۆراوجۆر، و نهۆمی سێیەمیش بۆ پشوو و کۆبوونەوەکان تەرخان کراوە.
تابلۆ لوقمان، ئەندامی گەلەریی هۆدە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکیی گەلەریی هۆدە خزمەتکردنە بە هونەرمەندان و دروستکردنی دەرفەتە بۆ ئەو کەسانەی کارەکانیان پێویستی بە پێشاندان هەیە و دەڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە هەموو مانگێک پێشانگەیەکی تایبەت بۆ هونەرمەندان بکەینەوە و پشتیوانییان لێ بکەین."
باخچە ئەردەشێر عەلی، یەکێکی تر لە ئەندامانی گەلەریی هۆدە، دەربارەی داهاتووی کارەکەیان دەڵێت: "هیوادارین بتوانین خزمەتێکی گەورە بە هونەری شارەکەمان بکەین و دەرگایەک بۆ پێشوازیی لە بەرهەمی رەسەنی هونەرمەندان بکەینەوە."
گەلەریی هۆدە لە سلێمانی، بە شێوازە داهێنەرەکەی و کردنەوەی دەرگاکانی بە رووی جۆرەها چالاکیدا، توانیویەتی جووڵەیەکی نوێ بخاتە ناو ناوەندە هونەرییەکانی شارەکە و بێتە بەشێک لە مێژووی زینتووی هونەری شارەکە.