پێشەوا بەختیار
رووداو - سلێمانی
حاجی ئەحمەد، کە بە گوتەی خۆی تەمەنی 115 ساڵە، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن و سەختییەکانی ژیان، بە فرۆشتنی گسک بژێوی خۆی و هاوژینەکەی دابین دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی لەدایکبوونی لەسەر کارتی نیشتمانییەکەی بە هەڵە تۆمار کراوە و لە کاتی دەرهێنانی ناسنامەدا تەمەنی بچووکتر کراوە. سەرەڕای زۆری تەمەن، حاجی ئەحمەد هێشتا بەردەوامە لە کارکردن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی.
ئەحمەد مارف، لەبارەی تەمەنییەوە گوتی: "تەمەنم زۆرە و 115 ساڵ دەبم، کاتێک باوکم هاوژینی دووەمی هێنا من گەنج بووم، ئێستا ئەو برایەم کە لە هاوژینی دووەمی باوکمە، بەتەمەن و پەککەوتە بووە."
حاجی ئەحمەد، هەرچەندە بەهۆی تەمەنییەوە هەندێک لە یادەوەرییەکانی لەبیرچووەتەوە، بەڵام بە روونی باسی ئەو رۆژانەی کرد کە وەک پێشمەرگە لەژێر فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی، لەپێناو ئازادیی کوردستاندا خەباتی کردووە. ئەحمەد مارف، دەڵێت: "هەردەم مەلا مستەفا و کاک ئیدریس پێیان دەگوتین دەست و داوێن پاک بن و وەک برا بژین، چونکە شۆڕشی ئێمە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە."
حاجی ئەحمەد لە تەمەنی گەنجییەوە تاوەکو ئێستا پابەندی ئەرکە ئایینییەکان بووە و بۆ هەر پێنج نوێژە فەرزەکە دەچێتە مزگەوت. خۆی دەڵێت: "لە گەنجییەوە پێنج فەرزە نوێژەکەم لە مزگەوت ئەنجام داوە."
حامید محەممەد، کە یەکێکە لە هاوڕێکانی حاجی ئەحمەد، باسی دۆخی تەندروستیی دەکات دەڵێت: "هەموو کات بۆ نوێژەکان لە مزگەوت ئامادەیە و تەندروستییەکی زۆر باشی هەیە."
ئاواتی حاجی ئەحمەد ئەوەیە کە ئەو خانووەی تێیدا نیشتەجێیە بۆی نۆژەن بکرێتەوە، تاوەکو ژیانی لەگەڵ هاوژینەکەی بە ئاسوودەیی بەسەر ببات. حاجی ئەحمەد، بە دەڵێت: "تەندروستیم باشە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکی تەندروستیم نییە."
ئەحمەد مارف، کە باوکی چەند منداڵێکە، هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نییە و رۆژانە بە پێ بە نێو گەڕەکەکانی سلێمانی دەگەڕێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی.