لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان فێرگەیەکی شێوەکاری، بووەتە جێژوان و پەناگەیەک بۆ فێربوونی هونەر و دۆزینەوەی بڕوابەخۆبوون. ئەم فێرگەیە لەلایەن شیرین مەحموودی، شێوەکارێکی شارەکەوە بەڕێوەدەبرێت، کە دوای تەواوکردنی خوێندنی هونەر لە زانکۆ ، زیاتر لە 10 ساڵە ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ لە خانمانی هونەردۆست تەرخان کردووە.
لەم فێرگەیەدا کچان و ژنانی تەمەن 11 ساڵ تاوەکو 40 ساڵ کۆدەبنەوە. شیرین کەشێکی ئەوەندە ئارام و پڕ لە متمانەی خوڵقاندووە کە فێرخوازەکانی لەگەڵ یەکەمین دەستلێدانی فڵچەکانیان، تەواوی خەم و دڵەڕاوکێکانی ژیانی رۆژانەیان لەبیر دەچێتەوە. ئەو لەبارەی فەلسەفەی کارەکەیەوە دەڵێت: "هەمیشە حەزم دەکرد شوێنێک دروست بکەم کە هەر کەسێک دێتە ناوی، هەست بە ئارامییەکی تەواو بکات و ماندووبوونی ژیانی تێدا بڕەوێنێتەوە. زۆرجار دایک و باوکان نیگەرانن کە ئایا هونەر دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ منداڵەکانیان؟ بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە نیشانی بدەین کە هونەر دەتوانێت هاوتای ئارامیی رۆحی، ژنان بگەیەنێتە سەربەخۆیی دارایی."
ئەم فێرگەیە بۆ زۆر لە کچانی گەنج بووەتە دەروازەی چوونە ناو بازاڕی کار و دابینکردنی خەرجییەکانیان. نیڤیانا مەحموودی، کچە فێرخوازێکی تەمەن 16 ساڵە و هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەی لە قوتابخانە، تابلۆی جۆراوجۆر دەکێشێت و دەڵێت: "لە منداڵییەوە هۆگری وێنەکێشان بووم، بەڵام ئێستا لێرە لە پاڵ وانەکانم، داواکاریی کێشانی وێنە وەردەگرم و توانیم بەشێک لە بژێوی و خەرجییەکانی خۆم دابین بکەم." هاوکات ژنانی دیکەی بەشداربوو ئاماژە بەوە دەکەن کە وێنەکێشان وای لێکردوون چەندین کاژێر لە دنیای دەرەوە و رۆتینی ماڵەوە داببڕێن و بە شێوازێکی جیاواز خۆیان بناسنەوە.
شێوازی هونەریی شیرین مەحموودیش ناوازە و پەیامدارە؛ ئەو لە تابلۆکانیدا کەرەستەی نامۆ و بەکارهاتووی وەک "فلتەری جگەرە" بەکاردێنێت بۆ گوزارشتکردن لە تێپەڕبوونی کات و یادەوەرییەکان. تەوەرەی سەرەکیی کارەکانی شیرین، پرسی ژن و رەخنەگرتنە لە تێڕوانینە باوەکانی کۆمەڵگە. ئەو لەڕێگەی کێشانی پۆرترێتی ژنان بە سمێڵەوە، رەخنە لەو چەمکە دەگرێت کە هەمیشە هێز و چاکە بە پیاوانەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت: "کۆمەڵگە کاتێک دەیەوێت ستایشی ژنێکی بەهێز بکات دەڵێت 'وەک پیاو وایە'، منیش لە تابلۆکانمدا ویستوومە ئەم هاوکێشەیە بە شێوازێکی رەخنەگرانە نیشان بدەمەوە."
بۆ کچان و ژنانی بانە، ئەم فێرگەیە مەیدانێکە بۆ شکاندنی بەربەستەکان و چەسپاندنی ناسنامەی خۆیان؛ شوێنێک کە دەیسەلمێنێت لە رێگەی فڵچە و تابلۆیەکەوە، ژنان دەتوانن هەم ئارامی بدۆزنەوە و هەم بە سەربەخۆییەوە پێگەی خۆیان لە نێو کۆمەڵگەدا قایم بکەن.