لە نێوان لوتکەکانی شاخی گوڵان و زەردە لە سنووری قەزای دەربەندیخان، لە شوێنێک کە سێگۆشەی بەیەکگەیشتنی چەندین ناوچەی گرنگی وەک باوەخۆشێن، شێخ تەوێڵ و دەشتی شارەزوورە، قەڵایەکی بەردینی دێرین سەرنجی رێبواران رادەکێشێت؛ ئەمە "باجگەی پەیکوڵی"یە، کە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی چاودێریی سنوور و وەرگرتنی باج بووە لە کاروانە بازرگانییەکان و تاوەکو ئەمڕۆش دیار و پتەو لە شوێنی خۆی راوەستاوە.
مێژووی دروستکردنی ئەم باجگەیە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمی زایینی دەگەڕێتەوە. نەوشیروان عەزیز، شوێنەوارناس لە دەڤەرەکە، سەبارەت بە گرنگی و پێگەی مێژوویی شوێنەکە دەڵێت: "ئەم ناوچەیە خاڵێکی ستراتیژی و گرنگی بەیەکبەستنەوەی دەشتی شارەزوور و ناوچەی سلێمانی بووە بە ناوچەکانی دیکە و ئێران. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ئەم شوێنە وەک بنکەیەکی ئێشکگریی و گومرگی بەکارهاتووە بۆ چاودێریکردنی رێگەی کاروانە بازرگانییەکان و وەرگرتنی چەندین جۆری باج لە بازرگانان، لەوانە باجی سەر مەڕوماڵات و کەلوپەل، کە دواتر تەواوی داهاتەکەی بۆ دەوڵەتی عوسمانی نێردراوە."
تەلارسازیی باجگەی پەیکوڵی تەواو خۆماڵی و سروشتییە؛ دیوارەکان بە بەردی ناوچەکە، قسڵ، قوڕ و گڵ دروستکراون. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو سەدە بەسەر تەمەنیدا، هێشتا تاق و قەوسەکانی و حەوشە بەردینەکەی دەوروبەری وەک خۆیان ماونەتەوە و کەمترین دەستکاری و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بە بڕوای شوێنەوارناسان، پاراستنی ئەم شوێنە بە شێوازە رەسەنەکەی، سەرمایەیەکی گەورەی شوێنەوارییە کە شێوازی بیناسازی و ژیانی سەربازیی ئەو سەردەمە بە روونی پیشان دەدات.
ئەم باجگەیە دەکەوێتە نزیک شوێنەوارێکی زۆر دێرینتر کە "مۆنۆمێنتی پەیکوڵی" سەردەمی ساسانییەکانە، ئەو شوێنەی لە سەدەی سێیەمی زایینیدا پاشا نەرسی دوای گەڕانەوەی لە ئەرمینیا پەیمانی دەسەڵاتی لێ وەرگرتووە؛ ئەمەش دەری دەخات کە ئەم گەرووە شاخاوییە بە درێژایی هەزاران ساڵ رێڕەوێکی سەرەکیی مێژوو و ئیمپراتۆرییەتەکان بووە.
نەوشیروان عەزیز جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە نۆژەنکردنەوەیەکی زانستییانە و ڕێکخستنی شوێنەکە لە چوارچێوەی "گەشتیاریی شوێنەواری و ژینگەیی ئەم ناوچەیە دەتوانێت ساڵانە ببێتە جێی سەرنجی سەدان هەزار گەشتیاری بیانی و نێوخۆیی، تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی گومرگ و دەروازە دێرینەکانی بازرگانی لە کوردستان ببن.