نزار جەزا
رووداو - شارباژێر
لە ناوچە شاخاوییەکانی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای
سلێمانی، بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی هەڵکەوتە سەخت و بەردینەکەیانەوە، ئۆتۆمبێل
و تراکتۆریان پێناگات. لەم شوێنانەدا جووتیاران ناچارن شێوازی کۆنی کێڵان بە وڵاخ
بەکاربهێنن. حاجی حەمید رەسووڵ، جووتیارێکی تەمەن 60 ساڵە و ماوەی چەندین دەیەیە لە
دەوروبەری گوندەکەی بە گوێدرێژ و هێستر زەوی دەکێڵێت.
ئامێری جووتکردنەکە لە چەند کەرەستەیەکی دارین
و ئاسنین پێکهاتووە کە جووتیارەکە لە کاتی کارکردندا بەکاریان دەهێنێت؛ لەوانە
"سەرەملە" کە دەخرێتە سەر ملی ئاژەڵەکان بۆ ئەوەی زەبریان پێ نەکەوێت،
"نیر" کە هەردوو ئاژەڵەکە پێکەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ "مژانە"
و "دارەمارە" کە بەشی سەرەکیی دارەکەن، لە خوارەوەش "گاسن"ی پێوە
دەبەسترێت کە پارچە ئاسنێکی تیژە و خاکەکە هەڵدەکەنێت. جووتیارەکە بە حەبلێک کە بە
سەری ئاژەڵەکانەوە بەستراون، ئاراستەی جووڵەیان دیاری دەکات.
حاجی حەمید روونی دەکاتەوە کە لە رووی کشتوکاڵییەوە،
کێڵانی زەویی شاخاوی بە وڵاخ زۆر گونجاوترە لە بەکارهێنانی مەکینە و تراکتۆر و دەڵێت:
"تراکتۆر لەم زەوی دژوارانەدا خاکەکە زۆر ورد دەکات و دەیکاتە خۆڵەپەت، بەڵام
گاسنەکە خاکەکە بە شێوەی تۆپەڵ هەڵدەگێڕێتەوە؛ ئەمەش وا دەکات زەوییەکە شێی خۆی
بپارێزێت، بەردەکان ئاسانتر جیا بکرێنەوە و دوای بارانبارین ئامادە بێت بۆ چاندنی
بەروبوومی وەک تەماتە، خەیار و سەوزە."
ئەو دوو ئاژەڵەی کاری پێ دەکەن بریتین لە گوێدرێژێکی
سپیی تەمەن پێنج ساڵ و هێسترێکی تەمەن شەش ساڵ کە پێی دەڵێت "ئێسترە سوورە".
حاجی حەمید ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی قورسیی کارەکەوە، کارکردن بە وڵاخ پێویستی
بە چاودێری و پشوودانی بەردەوام هەیە و دەڵێت: "ئەم ئاژەڵانە رۆژانە چەند
کاتژمێرێک کار دەکەن؛ بۆیە پێویستە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ کار رابگیرێت و سەرەتا
ئاو و گیای پێویستیان بۆ دابین بکرێت، پاشان خۆمان پشوو بدەین."
ئێستا
بەهۆی کۆچی بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکان بۆ شار و پشتبەستن بە ئامێرە مۆدێرنەکان،
کێڵانی نەریتی بە وڵاخ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەرەو نەمان چووە و تەنیا لە
چەند شوێنێکی دیاریکراو لەسەر رووبەرێکی سنووردار کاری پێدەکرێت.