
نزار جەزا
رووداو-سلێمانی
بەفرین مەهدی،
کچە شێوەکارێکی تەمەن 20 ساڵ و خوێندکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، بڕیاری داوە لەبری ژوورە داخراوەکان، شەقام بکاتە
پێشانگەیەکی کراوە بۆ نمایشکردنی هونەرەکەی و دابینکردنی تێچووی خوێندنەکەی.
رۆژانە دوای تەواوبوونی
کاتی خوێندن لە بەشی شێوەکاری، بەفرین کەرەستەکانی لە بەردەم سەرای سلێمانی دادەنێت
و لەبەرچاوی سەتان رێبواردا، دەستدەکات بە
تێکەڵکردنی رەنگەکان و کێشانی تابلۆکانی . بەفرین کە لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی
هەبووە، یادەوەرییەکی ناخۆشی پۆلی یەکی سەرەتایی بە خاڵی وەرچەرخانی ژیانی خۆی دادەنێت
و گوتی: "مامۆستایەکی وێنەم هەبوو، دەیگوت دەبێت تەنیا بە یەک شێواز فڵچە بەکاربهێنیت.
کاتێک وێنەکەی منی بەدڵ نەبوو، داوای لێکردم دانەیەکی دیکەی بۆ ببەمەوە. رۆژی
دواتر پوورم لە ماڵەوە هاوکاریی کردم، بەڵام مامۆستاکەم پێی زانی و وێنەکەی لەبەرچاومدا
دڕاند؛ ئەو ساتە زۆر کاری تێکردم و لەو کاتەوە بڕیارم دا بە تەواوی پشت بە خۆم ببەستم،
خۆم فێر بکەم و نەهێڵم هیچ کەسێک دەستکاریی تابلۆکانم بکات، تاوەکو لە پەیمانگە بە
شێوەیەکی ئەکادیمی فێری تێکەڵکردنی رەنگ و تەکنیکەکانی شێوەکاری بووم."
بۆ رزگاربوون لە
تێچووی زۆری تاکسی و قەرەباڵخی هاتووچۆ، بەفرین بە مۆتۆرسکیلێکی کڕیوە و لەلایەن
برا بچووکەکەیەوە فێری لێخوڕینی بووە. بەفرین دەڵێت: "پێشتر هەفتانە بە تاکسی
هاتووچۆم دەکرد و خەرجییەکی زۆرم دەبوو، بەڵام مۆتۆرسکیلەکەم کارئاسانییەکی زۆری بۆ
کردووم؛ هەم رێگاکانم بۆ کورت دەکاتەوە و هەم کەمترین خەرجیی بەنزینی دەوێت. ئێستا
بە ئازادی تەواوی کەرەستەکانم لەسەر مۆتۆرسکیلەکەم دادەنێم و دەچمە ناو شار."
کارکردن لەسەر شەقام
بۆ بەفرین جگەلە حەز و خولیا، سەرچاوەی سەرەکیی
دابینکردنی بژێوی، تێچووی خوێندن و کڕینی کەرەستە هونەرییەکانیەتی. ئەو لە رێگەی پەیجی
ئینستاگرامەکەی و راستەوخۆ لە رێبوارانی بەردەرکی سەراوە، داواکاریی کێشانی وێنەی پۆرترێت
وەردەگرێت و نرخی تابلۆکانی لەنێوان 15 هەزار بۆ 60 هەزار دیناردایە.
بەفرین، بە خەندە
و فڵچە رەنگاوڕەنگەکانی، توانیویەتی تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە بۆ کارکردنی کچان لەسەر
شەقام و لێخوڕینی مۆتۆرسکیل بگۆڕێت. ئەو کۆڵنەدانی کردووەتە دروشمی ژیانی.