
لە مۆزەخانەی ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر، کاتێک دەڕوانیتە سەر مێزێکی دارینی کۆن، مەکینەیەکی بەرگدروویی دەستیی تەمەن 80 ساڵ لە تەنیشت مەقەس، مەتری قوماش و ئوتوویەکی خەڵووزیندا سەرنجت رادەکێشێت؛ کەرەستەگەلێک کە هەریەکەیان بەشێکن لە چیرۆکی سەرهەڵدانی پیشەی بەرگدروویی لە کوردستان. ئەم کارە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 100 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە قەیسەریی کۆیەوە بە تەنیا یەک مەکینەی دەستی دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ لە رێگەی پێنج نەوەوە گۆڕاوە بۆ یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی دیزاین و بەرهەمهێنانی جلوبەرگ، کە بەرهەمەکانی سنووری وڵاتیان تێپەڕاندووە و بە لۆگۆی "Made in Kurdistan" گەیشتوونەتە بازاڕەکانی ئەورووپا.
رەگی ئەم پیشەیە لە بنەماڵەی ماوەت مەعسوومدا بۆ ساڵی 1925 و دواتریش کردنەوەی فەرمیی دوکان لە ساڵی 1929 لە قەیسەریی کۆیە دەگەڕێتەوە. ماوەت مەعسووم، بەرگدروو لە نەوەی چوارەمی بنەماڵەکە، سەبارەت بە مێژووی دەستپێکی کارەکەیان دەڵێت: "لەو سەردەمەدا باپیرم لەگەڵ وەستایەکی ئەرمەن بە ناوی 'ئارتین' دەستی بەم کارە کرد، کە وەستایەکی زۆر لێهاتوو بوو و یەکەم کەس بوو شێوازی دوورینی چاکەت، پانتۆڵ و قاپووتی ئەورووپی هێنایە ناوچەکە، چونکە پێشتر تەنیا جلی کوردی دەدوورا. من خۆم لە منداڵییەوە شاگردی باوکم بووم لە دووکانەکە، تەنانەت کاتێک برای گەورەم بردمی بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی مەولەوی بۆ پۆلی یەکی سەرەتایی ناوم تۆمار بکات، هەر لە دووکانەکەوە بە جلوبەرگی شاگردییەوە بردمی."
دوای 12 ساڵ کارکردن لە کۆیە، لە ساڵی 1941 دووکانەکە بۆ شاری هەولێر دەگوازرێتەوە. لەو قۆناخەدا تەواوی کارەکان بە دەست و بە ئامێری زۆر سەرەتایی ئەنجام دەدران؛ بەتایبەت ئوتووی خەڵووز کە بەکارهێنانی سەلیقە و ماندووبوونێکی زۆری دەویست. ئەرکی شاگردەکان ئەوە بوو خەڵووزی ناو ئوتووەکە بە بەردەوامی ئامادەبکەن و خۆڵەمێشەکەی لابدەن، دواتریش بە پەڕۆیەکی سپی و قاپێک ئاوەوە لە تەنیشت وەستاکان ئامادە بن تاوەکو قوماشەکە بە جوانی دابنیشێت. بە تێپەڕبوونی کات و لە ساڵانی شەستەکاندا مەکینەی هاتە ناو کارەکەوە، لە ساڵی 2000ـەوە بنەماڵەکە شۆڕشێکی نوێیان لە دیزاین و شێوازی دووریندا دەستپێکرد.
قەیوان ماوەت، بەرگدروو لە نەوەی پێنجەمی بنەماڵەکە کە لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لە تەنیشت باوکی و باپیریدا لە نێو دووکانی بەرگدرووییدا پەروەردە بووە، باس لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەم پیشەیە دەکات و دەڵێت: "ئەم کارە خولیا و عەشقی منداڵیمە. ئێمە وەک نەوەی پێنجەم لەگەڵ ئامۆزاکانم و مامەکانم لەسەر هەمان رێچکە بەردەوامین. لە بنەماڵەی ئێمەدا بەرگدروویی ناسنامەیە؛ تەنانەت ئەگەر بڕوانامەی دکتۆراش بەدەستبهێنین، هەر دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەم کارە. ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین لەگەڵ سەردەمەکە گەشە بەم کارە بدەین و نەوەکانی داهاتووشمان لەسەری رابهێنین."
ئەمڕۆ لە بری یەک مەکینەی دەستی، دەیان ئامێری پێشکەوتووی سەردەمیانە لە کارگەی ماوەت مەعسووم لە هەولێر بەکاردەهێندرێن و دەیان بەرگدروو و کادیری شارەزا پێکەوە کار دەکەن. کارەکە لە پیشەیەکی خێزانیی سنووردارەوە گۆڕاوە بۆ کارگەیەکی گەورە کە هەلیکاری بۆ چەندین گەنجی دیکەش رەخساندووە.
بەرهەمەکانی ئەم براندە مێژووییە، لە قاتی فەرمی و مۆدێلە جیاوازەکان، بە کوالیتییەکی بەرز و بە ناوی فەرمیی "Made in Kurdistan" دەگەیەندرێنە وڵاتانی ئەورووپا؛ چیرۆکێک کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر لەسەر مێزێکی بچووکی قەیسەری دەستیپێکرد و بە دڵسۆزی و بەردەوامیی نەوەکان، بووە هێمایەکی گەورەی پیشەسازیی پۆشاک لە کوردستان.