کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

شێوەکارێک داستانی مەم و زین دەکاتە تابلۆ

شێوەکارێک داستانی مەم و زین دەکاتە تابلۆ

گەڕانەوە06/10/2026

شێوەکارێک داستانی مەم و زین دەکاتە تابلۆ

دەربارە


لە نێو ستۆدیۆکەی خۆی لە سلێمانی و لەنێوان بۆنی رەنگە زەیتییەکان و فڵچە جۆراوجۆرەکان، نامۆ محەممەد، لەبەردەم تابلۆیەکی گەورەدا دانیشتووە کە دیمەنی ئەفسانەیی و دڵداریی "مەم و زین" بە وردەکارییەوە دەنەخشێنێت. بۆ نامۆ، تابلۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆک و کەلەپوورە نەتەوەییەیە کە لە منداڵییەوە وەک بەهرەیەکی خودایی لە ناخیدا چەکەرەی کردووە و دواتر بە خوێندنی ئەکادیمی و کۆڵنەدان، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانەوە تاوەکو کۆلێژ بە پلەی یەکەم پەرەی پێداوە.
قۆناخی پێگەیشتنی هونەریی نامۆ بە تاقیکردنەوە و کێبڕکێی بەردەوامدا تێپەڕیوە؛ بەشداریکردنی لە خەڵاتی ساڵانەی روانگە نموونەیەکی دیاری ئەم کۆڵنەدانەیە. ئەو، دەربارەی ئەو ئەزموونە دەڵێت: "ساڵی یەکەم کە بەشداریم لە کێبڕکێی روانگەدا کرد، کارەکەم تەنانەت وەرنەگیرا، بەڵام بێهیوا نەبووم و ساڵی دووەم پلەی 3ـم بەدەستهێنا، تاوەکو ساڵی سێیەم توانیم ببمە براوەی یەکەم. ئەم ئەزموونە فێری کردم کە بەهرە بەبێ ماندووبوون و بەردەوامی ناگاتە لووتکە و هەر ئەمەش وایکرد بە پلەی نایاب کۆلێژی هونەرە جوانەکان تەواو بکەم و شێوازی تایبەتی خۆم لە شێوەکاریدا بچەسپێنم."
شێوازی کارکردنی نامۆ لەسەر قوتابخانەی ریالیزم دامەزراوە، بەڵام بە گیانێکی تەواو کوردییەوە. ئەو، لە تابلۆکانیدا گرنگییەکی زۆر بە پۆشاکی رەسەنی هەورامی، دیمەنی ژنانی کورد و داستانە ئەدەبییەکان دەدات. نامۆ، لەبارەی هەڵبژاردنی تابلۆی مەم و زینەوە دەڵێت: "ئێمە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی ئەدەبی و کولتوورین؛ لەم تابلۆیەدا تیشکم خستووەتە سەر ئەو ساتەی کە مەم و زین بۆ یەکەمجار چاویان بەیەک دەکەوێت. دەمەوێت لەڕێگەی رەنگەکانەوە مێژوو و جوانیی گەلەکەم بە شێوازێک پیشان بدەم کە هەست و سۆزی کوردی تێدا بمێنێتەوە و بینەر بەرەو  مێژوو ببات."
جگە لە لایەنە هونەرییەکەی، نامۆ یەکێکە لەو شێوەکارە گەنجانەی کە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگەی بۆ کەسایەتیی هونەرمەند گۆڕیوە. ئەو، بڕوای بەو چەمکە باوە نییە کە هونەرمەند دەبێت لە دۆخێکی هەژاریدا بژی، بەڵکو لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هونەرەکەی کردووەتە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی و بەرهەمەکانی دەگەیێنێتە نێو ماڵی هاووڵاتییان و دەڵێت: "سەردەم گۆڕاوە؛ هونەرمەند نابێت لە برساندا بمرێت. ئێستا دەتوانین لە ژوورەکەی خۆمانەوە کارەکانمان بە هەزاران کەس بناسێنین و خەڵک بەپێی ستایل و دیکۆری ماڵەکانیان داوای تابلۆمان لێ دەکەن و ئێمەش بە شانازییەوە پێشکەشیان دەکەین."
خەونی داهاتووی ئەم هونەرمەندە گەنجە، پەڕینەوەیەتی لە سنوورە نێوخۆییەکان بەرەو پێشانگە جیهانییەکان؛ تاوەکو لەڕێگەی تابلۆکانییەوە کولتوور، جلوبەرگ و داستانە دێرینەکانی کورد بە جیهان ئاشنا بکات و بیسەلمێنێت کە هونەری کوردی دەتوانێت بە زمانێکی سەردەمیانە لەگەڵ هەموو گەلانی دونیا بدوێت.