دەربارە
سەلاح تۆفیق، ناسراو بە "حاجی سەلاح"، لە گەڕەکی خابووری زاخۆ لە دایکبووە. پیشەی ماسیگری بۆ ئەو میراتێکی کۆنی بنەماڵەکەیان بووە کە لە ئەحمەدی باپیری و دواتر لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە.
حاجی سەلاح یەکەم کەس بووە لە شاری زاخۆ کە لە ساڵی 1976 مۆڵەتی فەرمیی ماسیگریی لە دەوڵەت وەرگرتووە و ئەم پیشەیەی بە شێوازێکی رێکخراو و یاسایی پەیڕەو کردووە. ئەو لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیدا باسی ئەو سەردەمانە دەکات کە چەندین کاژێر بێوچان لە کەناری رووبارەکەدا ماوەتەوە و لە یەک گەڕدا 40 بۆ 48 ماسیی راوکردووە.
ماسیگری بۆ حاجی سەلاح تەنیا سەرچاوەی بژێوی نەبووە، بەڵکو ئارامیی رۆحی بووە. سەلاح تۆفیق دەڵێت: " تەنانەت ئەگەر لە کاری رۆژانەش تەواو ماندوو بووبام، دەهاتمە سەر خابوور، ماسییەکم دەگرت و لەسەر ئاگرێک دەمبرژاند، هەموو خەم و ماندووبوونی ژیانم لەبیر دەچووەوە."
ئێستا حاجی سەلاح جگە لە ماسیگری، خاوەنی کۆنترین دووکانی فرۆشتنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ماسیگرییە لە نێو بازاڕی زاخۆ. ئەو لە نێو دووکانەکەیدا، بە دەستە بەئەزموونەکانی خۆی تۆڕەکان دەچنێت و وەک مامۆستایەک نهێنی ماسیگری فێری گەنجان و نەوەی نوێ دەکات.
شینوار سەلاح، کوڕی حاجی سەلاح کە لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکیدا گەورە بووە، باس لەوە دەکات چۆن ئەم پیشەیەی وەک عەشقێک لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و دەڵێت: "ئێمە لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم لەسەر خابوور گەورە بووین، فێری چنینەوەی تۆڕ و ماسیگری بووین و ئێستاش شانازی دەکەین کە لەم دووکانەدا درێژە بە هەمان پیشە و رێچکەی باوکم دەدەین."
رووباری خابوور و پردی دێرینی دەلال، سیمبولی شاری زاخۆن. پردی دەلال، بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارە تەلارسازییەکانی کوردستان دادەنرێت. رووباری خابوور بە درێژایی سەتەکان نەک تەنیا سەرچاوەی ئاو، بەڵکو مەکۆی سەرەکیی بژێوی، ماسیگری و یادەوەریی خەڵکی ناوچەکە بووە.