دەربارە
ڤێنیسیا؛ ئەو شارەی لە خەونێکی ئەفسووناوی دەچێت و مێژوو و ئێستای خۆی لە نێو ئاودا نمایش دەکات. ئەم شاکارە تەلارسازییە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا، وەک شارەکانی دیکە لەسەر رووبەرێکی وشکانیی تەخت دروست نەکراوە، بەڵکو لە زیاتر لە 100 دوورگەی بچووک پێکهاتووە کە بە تۆڕێک لە پردی دێرین بەیەکەوە بەستراونەتەوە. ژیان لەم شارەدا کە مێژووەکەی بۆ سەدەی پێنجەمی زایینی دەگەڕێتەوە، لەبری شەقامی پڕ لە ئۆتۆمبێل، بە کەناڵە ئاوییەکان، پردە کەوانەییەکان و بەلەمە جیاوازەکانی دەناسرێتەوە؛ تایبەتمەندییەک کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە رادەکێشێت و تەنیا لە ساڵی 2025دا، پێشوازی لە 6 ملیۆن گەشتیار کردووە کە زۆربەیان هاوژینە نوێیەکانن و بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینی رووی تێدەکەن.
کەشی رۆمانسی و ئارامیی کەناڵە ئاوییەکان، ڤێنیسیای کردووەتە یەکەمین وێستگەی دڵخوازی کەپڵەکان لە ئەوروپا. تاتیانا تۆتۆڤا، گەشتیارێکی بەڕەچەڵەک سلۆڤاکییە و دانیشتووی شاری پراگە، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ رووداو دەڵێت: "ئەمە یەکەمین ئەزموونی من و هاوژینەکەمە لە ڤێنیسیا. گەشتەکەمان بۆ مانگی هەنگوینییە و بە هەموو ئیتاڵیادا دەگەڕێین. هەرچەندە تەنیا یەک رۆژ لێرە دەمێنینەوە، بەڵام شارەکە بەڕاستی ناوازە و سیحراوییە. سەیرکردنی گاندۆلاکان و هاتوچۆی خەڵک بە نێو رووبارەکاندا زۆر سەرنجڕاکێشە. پیاسەکردن لەم کەشە ئارامە و تاقیکردنەوەی ئایسکرێمە بەناوبانگەکەی، هەستێکی لەبیرنەکراومان پێدەبەخشێت."
لە ڤێنیسیا، چ گەشتیار بیت یان خەڵکی رەسەنی شارەکە، تاکە بژاردەی هاتوچۆی رۆژانەت بەلەمە؛ چ لە رێگەی بەلەمی تاکسیی خێرا بێت، یان بە بەکارهێنانی "گاندۆلا". گاندۆلا کە بەلەمێکی باریک و درێژی کولتووریی ڤێنیسییەکانە، مێژووەکەی بۆ چەندین سەدە پێش سەردەمی مۆدێرن دەگەڕێتەوە و لە رابردوودا تاکە شادەماری گواستنەوە بووە، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە هێمایەکی سەرەکیی گەشتیاری کە بینەران بە دڵی کەناڵە مێژووییەکاندا دەگێڕێت.
ئیڤا ڤرتاچنیک، گەشتیارێکی سڕبییە لە شاری بێلگرادەوە هاتووە و دەڵێت: "لە ماوەی ئەم دوو رۆژەی لێرەم، تەواو عاشقی کەشوهەوا، ئاوەکە و بەلەمەکانی شارەکە بووم. کافێ دێرینەکان، دووکانە بچووکەکانی 'جیلاتۆ' و پیتزا بەتامەکانیان زۆر تایبەتن. بەتایبەت ناوەندی شار لە گۆڕەپانی 'سانت مارکۆ' کە شوێنێکی بێوێنەیە بۆ پیاسەکردن و تێڕامان لە جوانییەکانی شار."
بە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 249 هەزار کەس ، ڤێنیسیا تەنیا شوێنێکی گەشتیاری نییە، بەڵکو مۆزەخانەیەکی کراوەی میوزیک، فاشن و هونەرە کە لە هەموو گۆشە و کۆڵانێکیدا هەستی پێدەکرێت.
کارینا فرانسیۆسۆ، گەشتیار و شێوەکارێکی کەنەدییە، باس لە پەیوەندیی رۆحیی خۆی لەگەڵ شارەکە دەکات و بە رووداو دەڵێت: "ئەمە دەیەمین جارە سەردانی ڤێنیسیا دەکەم. وەک هونەرمەندێک کە تابلۆکانم تایبەتن بە دیمەنی ئاو، ئەم شارە سەرچاوەی سەرەکیی ئیلهامی کارەکانمە. لێرە هەموو شتێک لە هونەر و جوانی دەچێت."
هاوکات جەیمس فیلیپس، گەشتیارێکی بەریتانییە و جەخت لە تایبەتمەندیی ناوازەی شارەکە دەکاتەوە: "من سەردانی زۆربەی پایتەختە گەورەکانی وەک پاریس، مۆناکۆ و نیویۆرکم کردووە، بەڵام هیچ شوێنێک لە دەوڵەمەندیی کلتووری و مێژووییدا ناگاتە ڤێنیسیا. دڵخوازترین کاتەکانی من، هاتوچۆکردنە بە بەلەمی تاکسی بە نێو کەناڵەکاندا، ئەم ئەزموونە بەردەوام هانت دەدات جارێکی دیکەش بێیتەوە ئێرە."