
راهێنەرێکی کاراتێ لە بانە بە وەرزش رووبەڕووی شێرپەنجە دەبێتەوە
راهێنەرێکی کاراتێ لە بانە بە وەرزش رووبەڕووی شێرپەنجە دەبێتەوە
دەربارە
لە یەکێک لە هۆڵە وەرزشییەکانی شاری بانەی
رۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگی هاواری پڕ لە هێز و جووڵەی خێرای دەیان کچ و ژنی
کاراتی هۆڵەکەی تەنیوە. لە پێشەنگی
هەموویانەوە ژنێک بە کەمەربەندی رەشەوە وەستاوە و رێبەرایەتیی مەشقەکان دەکات، و
وانەی خۆڕاگری و ململانێ لەگەڵ سەختییەکانی ژیان بە فێرخوازەکانی دەڵێتەوە؛ ئەویش
"گوڵاڵە بەهرامی"ـیە.
گوڵاڵە بەهرامی، تەمەنی 38 ساڵە و 28 ساڵی
تەمەنی لەنێو هۆڵەکانی کاراتێدا بەسەربردووە. لە ماوەی 16 بۆ 17 ساڵی رابردوودا
وەک راهێنەرێکی لێهاتوو، سەدان فێرخوازی
پێگەیاندووە و ئێستاش بە شێوەیەکی
بەردەوام سەرپەرشتی و مەشقی 250 کچ و ژنی شاری بانە دەکات.
فێرخوازەکانی گوڵاڵە لەسەر ئاستی پارێزگاکان و
سەرانسەری ئێراندا بەردەوام لە ریزی پێشەوەی کێبڕکێکان بوون و پلەکانی یەکەم
تاوەکو سێیەمیان دروێنە کردووە.
گوڵاڵە سەبارەت بە کارەکەی دەڵێت: "بۆ من
کاراتێ تەنیا شەڕکردن و فێربوونی چەند تەکنیکێک نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکە بۆ ئەوەی
مرۆڤ فێر ببێت چۆن لە کاتە هەستیار و تەنگانەکاندا باشترین بڕیار بدات و بەسەر
بارودۆخە سەختەکاندا زاڵ بێت."
گەورەترین دەستکەوتی گوڵاڵە و تیمەکەی،
بەشداریکردنیان بوو لە پاڵەوانێتیی جیهانیی کاراتێ لە شاری ئۆزاکای وڵاتی ژاپۆن،
کە تێیدا توانییان وەک یەکەم تیمی کچانی کورد و ئێران پلەی سێیەمی جیهان لە کاتادا
بەدەستبهێنن؛ دەستکەوتێک کە ناوی کچانی بانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمار کرد.
گوڵاڵە رووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوە
بووەوە؛ کاتێک پزیشکەکان پێیانڕاگەیاند کە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن بووە.
هەواڵەکە بۆ دەوروبەری سەخت و بێئومێدکەر بوو، بەڵام بۆ گوڵاڵە بووە دەستپێکی نوێ
لە ژیاندا.
سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی و
بەرگەگرتنی ئازارە پزیشکییەکان، گوڵاڵە دەرگای هۆڵی وەرزشی دانەخست و دەستبەرداری
فێرخوازەکانی نەبوو.
ئەو دەربارەی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکەی
دەڵێت: "سوپاس بۆ خوا بەو ورە و هێزەی کاراتێ پێی بەخشیووم، توانیم بەسەر ترس
و نائومێدیدا زاڵ بم. تەنانەت کاتێک لەژێر چارەسەری سەختی پزیشکیشدا بووم، هاتنەوە
بۆ نێو هۆڵ و بینینی ئەم کچانە وزەی پێدەبەخشیمەوە تاوەکو رانەوەستم."
گوڵاڵە بەهرامی داوا لە دایکوباوکان دەکات
گرنگی بە وەرزشکردنی کچەکانیان بدەن و رێگەیان پێبدەن بێنە نێو هونەرە جەنگییەکان،
چونکە وەرزش متمانەبەخۆبوون و هێزی دەروونی لە کەسایەتیی منداڵدا دروست دەکات؛
هێزێک کە دەتوانێت تەنانەت لە بەرامبەر سەختترین نەخۆشی و تەنگژەکانی ژیانیشدا
مرۆڤ بە پێوە بهێڵێتەوە.