دەربارە
لە لە گوندی "داریکەلی"، خانوویەکی بەردینی مێژوویی هەیە کە رۆژگارێک ناوەندی بڕیار و پەناگەی سەرکردەیەکی دیاری مێژووی هاوچەرخی کورد بووە. ئێستا ئەم ماڵە کراوەتە مۆزەخانەیەک و بووەتە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییەکان، کە بیرەوەرییەکانی شێخ مەحموودی حەفید بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ دەگێڕێتەوە.
مێژووی نیشتەجێبوونی مەلیک مەحموود لەم ماڵەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1941، کاتێک لەلایەن دەسەڵاتی ئینگلیزەوە لە بەغداوە گەڕێندرایەوە و لە گوندی داریکەلی لەژێر چاودێری و دەستبەسەریدا مایەوە. شێخ مەحموود تاوەکو ساڵی 1956 لەم شوێنە ژیا، دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا و هەر لەو ساڵەدا کۆچی دوایی کرد.
ئەنوەر جەوهەر، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەی مەلیک مەحموود لە داریکەلی، سەبارەت بە پێکهاتەی بیناکە دەڵێت: "مۆزەخانەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە؛ بەشێکیان ژووری تایبەتی پێشوازیی مەلیک بووە کە شاند و میوانە فەرمییەکانی لێ میوانداری کردووە، بەشێکی دیکەیان بۆ حەوانەوە و مانەوەی شەوانەی میوانەکان بووە، بەشی سێیەمیش تایبەت بووە بە خێزانەکەی کە ژێرزەمینێکی تێدایە و لە کاتی پێویستدا وەک شوێنی خۆحەشاردان بەکارهاتووە."
بەڵکو لە تەنیشت ماڵەکەدا ئەشکەوتێکی سروشتی هەیە کە لە کاتی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئینگلیزدا، مەلیک مەحموود وەک پەناگە بۆ خۆپاراستن بەکاریهێناوە. هەر لە نزیک ماڵەکەش، کانییەکی ئاوی سازگار هەیە کە لەو سەردەمەدا سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی ماڵەکەی مەلیک و تەواوی دانیشتووانی گوندەکە بووە.
ئەنوەر جەوهەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم شوێنە شاهیدی رووداوی گەورە بووە و دەڵێت: "ئەم خانووە دوای کۆچی دوایی مەلیک دووجار سووتێنراوە؛ دواهەمین جار لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی 1988 بە تەواوی وێران کرا. بەڵام لە ساڵی 2009 لەسەر شێوازە رەسەنەکەی خۆی نۆژەنکرایەوە و وەک مۆزەخانە بەڕووی هاونیشتمانیان و گەشتیاراندا کرایەوە."
ئەمڕۆ گوندی داریکەلی بەهۆی مۆزەخانەکەی مەلیک مەحموودەوە ناوبانگێکی تایبەتی لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەش پەیدا کردووە. رۆژانە گەشتیاران، لێکۆڵەرانی مێژوویی، شاندە بیانییەکان و بەتایبەت قوتابخانە و زانکۆکان لە چوارچێوەی گەشتی زانستی و مەیدانیدا سەردانی دەکەن.
سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە لەبارەی گرنگیی شوێنەکە دەڵێت: "ئەم مۆزەخانەیە بووەتە ناسنامەیەکی نەتەوەیی و کولتووری بۆ هەموو کورد؛ هەموو چین و توێژەکان سەردانی دەکەن و بە چاوی شانازی و پێزانینەوە لەو مێژووە و خەباتی مەلیک دەڕوانن کە بەشێکی دانەبڕاوە لە شکۆ و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان."