دەربارە
لە کەشوهەوای فێنکی بەیانیاندا، پارک و یانە وەرزشییەکانی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە مەیدانی جۆش و خرۆشی دەیان ژنی بەتەمەن. پێش ئەوەی شار بە تەواوی بەئاگا بێتەوە، ئەم ژنانە دەست بە وەرزش و جووڵە دەکەن؛ بۆ ئەوان، جگەلە وەرزش و راهێنانی جەستەیی ئەمکارەیان ریگەیەکە بۆ بەدەستهێنانی تەندروستی، ئارامیی دەروونی و دەربازبوون لە تەنیایی و سووچی ماڵ.
لەنێو بەشداربوواندا، سەیزادە مەعسووم تەمەنی گەیشتووەتە 75 ساڵ، بەڵام بە وزە و ئیرادەیەکی پڕ لە گەنجییەوە لە ریزی پێشەوەی وەرزشڤاناندایە. سەیزادە خانم کە پێشتر بەهۆی تەمەنەوە بەدەست ئازاری جومگە و قاچەکانییەوە دەیناڵاند، ئێستا هەموو رۆژێک بە دڵخۆشییەوە روو لە مەیدانی وەرزش دەکات.
سەیزادە مەعسووم سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ژیانی دوای وەرزشکردن دەڵێت: "کاژێر شەشی بەیانی دێم بۆ وەرزش. پێشتر قاچ و ئەژنۆم زۆر ئازاری هەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا زۆر باشم. دوای وەرزش دەگەڕێمەوە ماڵەوە، جلەکانم دەگۆڕم، نانی بەیانی دەخۆم و هەموو کارەکانی ماڵەوەم وەک پاککردنەوە و ئامادەکردنی پێداویستییەکان بە تەنیا ئەنجام دەدەم. پێشتر نەمدەزانی وەرزش و ئەم جۆرە یارییانە چیین، بەڵام ئێستا بەڕاستی هەست بە روحیەتێکی بەرز و زیندووێتی دەکەم و پێویستم بە یارمەتیی کەس نییە."
گوڵاڵە دۆرئەفشان، راهێنەری وەرزشی، ماوەی سێ ساڵە بە شێوەیەکی تایبەت سەرپەرشتی و راهێنانی ئەم ژنە بەتەمەنانە دەکات، چ لە پارکی دوکانان بە شێوەی کراوە و چ لە نێو هۆڵی وەرزشیدا لە هەفتەی سێ رۆژدا. گوڵاڵە هەوڵ دەدات لە رێگەی کۆمەڵێک جووڵەی تایبەت و یاریی بەکۆمەڵەوە، وزە بۆ ژیانی ئەم دایکانە بگێڕێتەوە.
گوڵاڵە دۆرئەفشان دەڵێت: "ئێمە بەرامبەر بە بەتەمەنەکان بەرپرسیارین؛ پێویستە یارمەتییان بدەین تاوەکو شاد و بەتوانا بن، چونکە ئەوان گەنجینەیەکی پڕ لە ئەزموون و یادەوەرین. لە هۆڵی وەرزشیدا، لەپاڵ راهێنانە جەستەییەکاندا، گرنگی بەو یاری و چالاکییانە دەدەین کە پەیوەندییان بە بیرگە و مێشکەوە هەیە، وەک یاریی تۆپ، بازنە و گۆرانیگوتن، تاوەکو رێگری لە خەمۆکی و لەبیرچوونەوە بکەین."
گوڵاڵە خانم ئاماژە بەوەش دەکات: "بەشێکی زۆری کێشەی بەتەمەنەکان لە کەمیی جووڵە و مانەوەی زۆرە لە ماڵەوە. داوا لە منداڵەکانیان دەکەم کە هانی دایک و باوکیان بدەن بێنە دەرەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە ببن، چونکە ئەمە باشترین دەرمانە بۆ پاراستنی تەندروستی و سەربەخۆییان لە بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانەدا."
بەشداریی ژنانی بەتەمەنی بانە لە چالاکییە وەرزشییەکاندا رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە. دیمەنی ئەم دایکانە کاتێک لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە، پێدەکەنن و چەپڵە لێدەدەن، پەیامێکی روونە بۆ تەواوی کۆمەڵگە کە پیری کۆتایی ژیان نییە.