دەربارە
لە نێوەڕاستی شاری دهۆک و لەسەر بەرزترین تەپۆڵکەی شارەکە، کۆشکێکی مێژوویی 94 ساڵە دەبینرێت کە بە "کۆشکی کەمبەرلاند" ناسراوە. ئەم کۆشکە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1930 دەگەڕێتەوە، لەلایەن قەشە و مژدەدەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە و ئێستا لە ژێر پرۆسەی نوژەنکردنەوەدایە تاوەکو بپەڕێندرێتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی کلتووری و پێکەوەژیان.
رۆجەر کەمبەرلاند کێ بوو؟
رۆجەر کەمبەرلاند، هاووڵاتییەکی ئەمریکی بوو کە زیاتر لە 15 ساڵ لە شاری دهۆک ژیا. لە ساڵی 1894 لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە و لە ساڵی 1919 کۆلێژی لاهووتی لە شیکاگۆ تەواو کردووە و بووەتە قەشە.
د. فەرسەت مەرعی، مێژووناس، سەبارەت بە مێژووی هاتنی کەمبەرلاند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمبەرلاند لە ساڵی 1922 هاتووەتە عێراق و لە ساڵانی 1923 بۆ 1924 هاتە شاری دهۆک. ئەو بە زمانی کوردی قسەی دەکرد و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و شێخەکانی دهۆک دروستکردبوو و کار و ئەرکی خێرخوازیی ئەنجام دەدا."
کەمبەرلاند تاوەکو ساڵی 1938 لە دهۆک مایەوە، بەڵام لە هەمان ساڵدا لە نێو ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک کوژرا.
کۆشکی کەمبەرلاند لە دوو نهۆم پێکهاتووە. لە دروستکردنی ئەم کۆشکەدا، تێکەڵەیەک لە ئەندازیاری و شێوازی بیناسازیی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی بەکارهاتووە. دوای کوژرانی کەمبەرلاند لە ساڵی 1938، حکومەت دەستی بەسەر کۆشکەکەدا گرت و بۆ ماوەیەکی درێژ وەک نەخۆشخانە و بارەگای فەرمانگە میرییەکان سوودی لێ وەرگیرا.
دوای ساڵانێک لە فەرامۆشکردن، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستی بە نوژەنکردنەوەی بەشێکی کۆشکەکە کردووە تاوەکو رەسەنایەتییە تەلارسازییەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، سەبارەت بە پلانی داهاتووی کۆشکەکە بە دەڵێت: "دەستمان بە نوژەنکردنەوەی بەشێکی کۆشکەکە کردووە تاوەکو وەک جارانی لێ بکەینەوە. لە پلاندایە بە دابینکردنی بودجەی پێویست، کۆشکەکە بکەینە مۆزەخانەیەکی پێکەوەژیان یان مۆزەخانەیەکی تایبەت بە دهۆک، تاوەکو ببێتە ناوەندێک بۆ چالاکییە کلتووری و هونەرییەکان."