
نیگارکێشێکی سۆران بە تابلۆکانی هۆتێلێکی هەولێر دەڕازێنێتەوە
نیگارکێشێکی سۆران بە تابلۆکانی هۆتێلێکی هەولێر دەڕازێنێتەوە
دەربارە
لە شاری سۆران، پیاوێک بە ناوی تاریق شوان،
بەبێ ئەوەی هیچ خوێندنێکی ئەکادیمی لە بواری هونەردا هەبێت، زیاتر لە 130 تابلۆی
کێشاوە و توانیویەتی سەرنجی کەرتی تایبەت بۆ کارەکانی رابکێشێت. ئەو تاوەکو پۆلی
سێی بنەڕەتی خوێندووە، پێشەی دوکاندارە و ئێواران دوای کارکردن کاتەکانی بۆ کاری
هونەری تەرخان دەکات.
تاریق شوان، پیشەی سەرەکیی فرۆشتنی بۆیە و
پێداویستییەکانی رووپۆشکردنی دیوارە لە سۆران. هاوکات لەگەڵ کارەکەیدا، خاوەنی
بەهرەی نیگارکێشی، خۆشنووسی و دەنگخۆشییە.
تاریق شوان، سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکردنی کارە
هونەرییەکانی دەڵیت : "لە منداڵییەوە حەزم لە هەموو بوارەکانی هونەر بووە.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی بەردەوام دەستم بە وێنەکێشان کرد، بێ ئەوەی
بەشداریی هیچ خولێکی فێرکاری یان خوێندنی ئەکادیمی بکەم. ئەم بەهرەیە لە حەزی
خۆمەوە سەرچاوەی گرتووە و کارەکەم زۆر بەدڵە."
تاریق شوان، کاتەکانی شەو، بەتایبەتی لە وەرزی
زستاندا، بۆ کاری وێنەکێشان تەرخان دەکات و توانای هەیە لە ماوەی رۆژێکدا نزیکەی
دوو تابلۆی سرووشتی و خەیاڵی تەواو بکات. ناوبراو تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130
تابلۆی کێشاوە، کە نرخەکانیان لەنێوان 20 هەزار دینار بۆ 140 هەزار دینار دایە.
تاریق دەڵێت: "شەوانی زستان درێژن و
کارکردن لە دووکاندا نییە، بۆیە بە باشترین کاتی دەزانم بۆ وێنەکێشان. کێشانی هەر
تابلۆیەک نزیکەی دوو کاتژمێری پێویستە و دواتریش 24 کاتژمێر بۆ وشکبوونەوەی. کاتێک
کار لە تابلۆیەکدا تەواو دەکەم و سەیری دەکەم، هەست بە ئاسوودەییەکی زۆر
دەکەم."
بەرهەمە هونەرییەکانی تاریق شوان سەرنجی
خاوەنکارانی راکێشاوە، بەجۆرێک کە هۆتێلێکی گەورە لە شاری هەولێر بەمەبەستی
رازاندنەوەی ژوور و هۆڵەکانی بە دیزاین و سرووشتی کوردستان، دەیان تابلۆی تاریقی
کڕیوەتەوە.
ئوسامە تۆفیق، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری
هۆتێلەکە لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "ویستمان دیزاین و نەخشی هۆتێلەکەمان
رەسەنایەتیی کوردی پێوە دیار بێت، تاوەکو ئەو گەشتیارانەی سەردانمان دەکەن، هەست
بە کولتوور و رۆحیەتی ناوچەکە بکەن. هەر بۆیە بڕیارمان دا کارە هونەرییەکانی کاک
تاریق بەکاربهێنین و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 بۆ 60 تابلۆمان لێ کڕیوە و
پلانیشمان هەیە ژمارەکە بۆ زیاتر لە 100 تابلۆ بەرز بکەینەوە."
تاریق شوان، لە بەرامبەر ئەو پێشوازییەدا
بڕیاری داوە کاتی زیاتر بۆ کارە هونەرییەکانی تەرخان بکات و بەهرەکەی پەرەی پێبدات.