لە شاری ئالماتای کازاخستان، ئاهەنگی هاوسەرگیریی دوو گەنجی کورد بووە دەرفەتێک بۆ نمایشکردنی رەسەنایەتیی کولتوور و نەریتەکانی کوردەواری لە دوورەوڵاتی. رەمەزان ئیسایێڤ و دیانا ئەحمەدۆڤا، بە ئاهەنگێکی پڕ لە چالاکی کوردەواریی چوونە نێو ژیانی هاوبەشەوە.
رێوڕەسمەکانی هاوسەرگیرییەکە بە شەوی خەنە و ئامادەکردنی داری مراز دەستیان پێکرد، کە دارێکە بە سێو، شیرینی و قوماشی ڕەنگاوڕەنگ دەڕازێنرێتەوە وەک هێمای بەختەوەری و خێر و بەرەکەت لە کولتووری کوردیی ئاسیای ناوەڕاستدا. هاوکات، ماڵباتی زاوا دیاریی بەنرخ، زێڕ و کلیلی خانوو و ئۆتۆمبێلی نوێیان پێشکەش بە بووک کرد.
دیانا ئەحمەدۆڤا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر دڵخۆشم بەم رۆژە؛ هەموو کچێک خەون بە رۆژی هاوسەرگیرییەوە دەبینێت و سوپاس بۆ خوا منیش بە ئاواتی خۆم گەیشتم."
مەدینە ئەحمەدۆڤ، بەربووک، گوتی: "هەموو نەریتەکانی وەک خونە و داری مرازمان بە رێکوپێکی بەڕێوەبرد. ئێمە وەک ماڵباتی بووک زۆر دڵخۆشین بەم بۆنە پیرۆزە."
رەمەزان ئیسایێڤی زاواش جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە هەوڵمان دا هەموو دابونەریتە کوردییەکان لە ئاهەنگەکەماندا بپارێزین بۆ ئەوەی کولتووری باوباپیرانمان لە کازاخستان بە زیندوویی بهێڵینەوە."
لەسەر لێواری دەریاچەی ئاڵماتا، رێوڕەسمی فەرمیی تۆمارکردنی هاوسەرگیریی و گۆڕینەوەی ئەڵقەی هاوسەرگیری بە ئامادەبوونی کەسوکار بەڕێوەچوو.
میرزا ئەحمەدۆڤ، باوکی بووک، بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر پیرۆز و دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە، کە کچەکەم چووە نێو ژیانی هاوبەشەوە. ئاواتەخوازم هەردووکیان تەندروست و بەختەوەر بن و ئارامی لە ماڵەکەیاندا بەردەوام بێت."
گولیزار ئەحمەدۆڤا، دایکی بووک، گوتی: "دوعای خێریان بۆ دەکەم و هیواخوازم رێگەی ژیانیان پڕ بێت لە خۆشی. کچەکەم بووە خاوەن خێزانی خۆی و هیوادارم تەمەندرێژ و سەرکەوتوو بن."
یەکێک لە دیمەنە کاریگەرەکانی ئاهەنگەکە، ئامادەبوونی تامارا پاڤلۆڤنا، داپیرەی زاوا بوو. تامارا بە رەچەڵەک رووسە و زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی کورد کردووە و لەنێو خێزانێکی کوردیدا ژیاوە.
تامارا پاڤلۆڤنا، بە زمانی رووسی و کوردی پیرۆزبایی لە بووک و زاوا کرد و بە رووداوی گوت: "من زیاتر لە 50 ساڵە لەنێو کورد دەژیم و خۆم بە بووک و دایکی کورد دەزانم. رەمەزان یەکەم نەوەی منە کە هاوسەرگیری دەکات. لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە رەمەزان و دیانا دەکەم و هیوادارم ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی، بەختەوەری و وەفاداری بەڕێ بکەن."
ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێی جۆراوجۆر و گۆڤەندی کوردی تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، کە تێیدا ئامادەبووان جەختیان لەسەر پاراستنی شێوازی ڕەسەنی زەواجی کوردی کردەوە.