
بان سەلاحەدین؛ هونەرمەندێکی هەولێر کریستاڵ و مۆم دەکاتە تابلۆی ناوازە
بان سەلاحەدین؛ هونەرمەندێکی هەولێر کریستاڵ و مۆم دەکاتە تابلۆی ناوازە
لە شاری هەولێر، ژنە هونەرمەندێک لەڕێگەی
تێکەڵکردنی کریستاڵ، پێستی سرووشتی و مۆمەوە، تابلۆ و کاری دەستیی ناوازە
بەرهەمدەهێنێت. بان سەلاحەدین عەلی، کە خەڵکی کفرییە و لە هەولێر نیشتەجێیە، لە
ساڵی 2019ـەوە دەستی بەم کارە کردووە و بەرهەمەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا
خواستێکیان لەسەرە.
بان سەلاحەدین، لە منداڵییەوە ئارەزووی کاری
دەستیی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2019 بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە دروستکردنی تابلۆ کردووە.
لە بەرهەەمەکانیدا ماددەی وەک کریستاڵ، پێستی سرووشتی و سیم بەکاردەهێنێت.
بان سەلاحەدین، سەبارەت بە کارەکانی بە رووداوی
گوت: "ویستم تابلۆکانم جیاواز بن و شێوازی نەخشی بەرجەستەیان پێ ببەخشم.
بەهۆی وردەکاریی زۆری کارەکانمەوە، دروستکردنی هەر تابلۆیەک لەنێوان 15 بۆ 25 رۆژی
پێویستە. خواستێکی زۆر لەسەر کارەکانم هەیە و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش، وەک
ئوسترالیا، داواکاریم بۆ هاتووە."
مۆم بە شێوەی گوڵی سرووشتی
جگە لە دروستکردنی تابلۆ، بان سەلاحەدین لە
ماڵەکەی خۆیدا کاری مۆمسازیش دەکات. ئەو مۆمەکان بە شێوەی سەبەتە و گوڵی سرووشتی
دروست دەکات، کە وەک دیاری و بۆ رازاندنەوەی بۆنەکان بەکاردەهێنرێن و ماوەیەکی
زیاتر دەمێننەوە.
بان سەلاحەدین، دەڵێت: "مۆمەکانم خواستێکی
زۆریان لەسەرە، چونکە لە مۆمی ئاسایی جیاوازن؛ شێوەیان هاوشێوەی گوڵی سرووشتییە و
تاوەکو کاتی توانەوە شێوەی خۆیان دەپارێزن. چەندین گوڵفرۆش و ناوەندی جوانکاری
داوایان لێ کردووم، هەروەها لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە داواکاریم پێدەگات."
بان سەلاحەدین، سەرەڕای بوونی کاری فەرمی،
توانیویەتی هاوسەنگی لەنێوان کارەکەی و بەرهەمهێنانی تابلۆ و مۆمدا رابگرێت و
داهاتی کارە هونەرییەکانیشی وەک پاڵپشتییەکی دارایی بۆ ژیانی بەکاردەهێنێت.
سەبارەت بە ئامانجەکانی، ناوبراو ئاماژەی بەوە
کرد: "پلانم هەیە لە داهاتوودا شوێنێکی تایبەت بە کارەکانم بکەمەوە بۆ ئەوەی
بەرهەمەکانم زیاتر ببینرێن. هەروەها دەمەوێت کاری مۆم، زیاتر پەرە پێ بدەم و دەست
بە دروستکردنی تابلۆی مۆم بکەم. پەیامم بۆ خانمان ئەوەیە کە هەوڵ بدەن کاری
سەربەخۆی خۆیان هەبێت."