دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ لە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، جارێکی دیکە پەردەی لەسەر مێژوویەکی دێرین هەڵدایەوە. تیمەکانی شوێنەوارناسی لە گوندی خانکێی کۆن، گۆڕستانێکی ناوازەی مێژووییان دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 300 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
گۆڕستانەکە لە 40 گۆڕی تایبەت بە شێوەی هێلکەیی پێکهاتووە. درێژیی هەر گۆڕێک نزیکەی 140 سانتیمەتر و پانییەکەی 70 سانتیمەترە؛ هەموویان بە یەک ئاراستە بەرەو باکوور ریزکراون و بەشێکیان بۆ منداڵان و بەشەکەی دیکەیان بۆ گەورەکان تەرخانکراون.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، سەبارەت بە پاراستنی ئەم شوێنەوارە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم پارچانە بە وریاییەوە دەرهێنران و گوازرانەوە بۆ تاقیگەی مۆزەخانە، تاوەکو پاککردنەوە و پشکنینی زانستییان بۆ بکرێت و دواتر نمایش بکرێن."
حەمزە عیدۆ، موختاری گوندی خانکێی کۆن، باسی قوربانیدانی مێژوویی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: "لە کاتی دروستکردنی بەنداوەکەدا، زیاتر لە 300 شوێنی مێژوویی کەوتنە ژێر ئاو." هەروەها د. حەسەن ئەحمەد، شوێنەوارناس، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوچەکە زیاتر لە 9 هەزار ساڵە مرۆڤی تێدایە و بە چەندین شارستانێتیی وەک میتانی، ئاشووری، میدی، هێلینستی و ساسانیدا تێپەڕیوە.
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو دەڵێت: "راستە بەنداوی مووسڵ بۆ ئاودێری و پاراستنی سامانی ئاو گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا مێژووی هەزاران ساڵەی دەیان شوێنی شوێنەواری و ئایینیی ئەم دەڤەرە دەوڵەمەندەی میزۆپۆتامیای لە ژێر ئاودا شاردووەتەوە."