
کچە شێوەکارێک لە سلێمانی ستایلێکی نوێی هونەری دادەهێنێت
کچە شێوەکارێک لە سلێمانی ستایلێکی نوێی هونەری دادەهێنێت
لە شاری سلێمانی، شێوەکارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رێگەی دروستکردنی تابلۆی ناوازە و تێکەڵکردنی چەندین تەکنیکی هونەرییەوە، شێوازێکی نوێی لە بواری شێوەکاریدا داهێناوە. تارا محەممەد، کە ماوەی 14 ساڵە لە سلێمانی نیشتەجێیە، رەنگ، نەخشی فەرشی کوردی، خۆشنووسی و پارچە ئاوێنە تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی گوزارشت لە هەستە ناوەکییەکانی بکات.
تارا محەممەد، دەرچووی بەشی هونەرە جوانەکانە لە بوارەکانی گرافیک و رەنگسازی. لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی وێنەکێشانی هەبووە و زیاتر لە 14 ساڵە وەک شێوەکارێکی پیشەگەر کار دەکات. جگە لە کردنەوەی چەندین پێشانگەی تایبەت لە سلێمانی، بەشداریی لە پێشانگە هاوبەشەکان لە هەرێمی کوردستان، تورکیا، ئێران و ئیتاڵیا کردووە.
ئەوەی کارەکانی تارا محەممەد لە شێوەکارانی دیکە جیا دەکاتەوە، داهێنانیەتی لە دروستکردنی شێوازێکی نوێدا. ناوبراو پارچەی فەرشی رەسەنی کوردی و ئێرانی لەگەڵ هێڵەکانی خۆشنووسی و دیمەنی سروشتدا تێکەڵ دەکات.
جگە لەوەش، تارا محەممەد تەکنیکی "لیپان ئارت" بەکاردەهێنێت، کە بریتییە لە دروستکردنی نەخشی بەرجەستە و داپۆشینی بە وردە ئاوێنە و شووشەی رەنگاوڕەنگ، ئەمەش وایکردووە بەرهەمەکانی خاوەنی بەهایەکی ماددی و مانەوەی بەرزی کولتووری بن.
لەلای تارا محەممەد، هونەر تەنیا پیشە نییە، بەڵکو زمانێکە بۆ دەربڕینی ئەو هەستانەی کە بە ئاخاوتن گوزارشتیان لێ ناکرێت. ئەو دەڵێت: "مامۆستاکانم هەمیشە پێیان دەگوتم 'تارا تۆ بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ فڵچەکەت دەکەیت'، چونکە زۆر بە ئازادی و بێ ترس رەنگەکان بەکاردەهێنم. هونەر رەنگ و رۆح دەبەخشێتە ژیانم."
تارا، دەڵێت بەشێک لە تابلۆکانم هێندە لەلام بەنرخن، ئامادە نەبووم بە نرخێکی زۆریش بیانفرۆشم؛ لەوانەش تابلۆیەکی کالیگرافیی شین کە شیعرێکی لەسەر نەخشێنراوە.
تارا محەممەد، بە گەشبینییەوە لە داهاتووی هونەریی خۆی دەڕوانێت و جەخت دەکاتەوە: "بڕیارم داوە تا ئەو کاتەی قژم سپی دەبێت و تا کۆتایی تەمەنم لەگەڵ هونەردا بمێنمەوە، چونکە هونەر نوێبوونەوە و ژیانە."