
عەلی بالۆێڤ پاڵەوان و یارێزانێکی بۆکسێنی کورد لە کازاخستان
عەلی بالۆێڤ پاڵەوان و یارێزانێکی بۆکسێنی کورد لە کازاخستان
لە وڵاتی کازاخستان، بە دەیان گەنجی کورد لە بوارە جیاوازەکانی وەرزشدا ناوی خۆیان لە لیستی پاڵەوانانی جیهاندا تۆمار کردووە. یەکێک لە دیارترینیان بۆکسێنەری پیشەگەر "عەلی بالۆیڤ"ە، کە ئامانجی سەرەکیی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و بەدەستهێنانی بەرزترین پشتێنەکانی بوکسێنی جیهانییە. چیرۆکی خێزانی ئەم وەرزشڤانە کوردە بۆ ساڵی 1937 دەگەڕێتەوە کاتێک لە ئەرمەنستانەوە بۆ قیرغیزستان دوورخرانەوە دواتریش لە ساڵی 1994دا روویان لە شاری ئالماتا لە کازاخستان کرد. عەلی لە منداڵییەوە بە تەماشاکردنی کاسێت و ڤیدیۆکانی محەممەد عەلی، مایک تایسۆن و ناوە گەورەکانی بوکسێنی جیهان، خولیای ئەم وەرزشە سەختەی لە لا دروستبوو. تاوەکو تەمەنی 20 ساڵی، عەلی بالۆیڤ لە یانە وەرزشییەکانی کازاخستاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا؛ چەندین جار بووە پاڵەوانی کازاخستان و پلەی شایستەی "ماستەر لە وەرزش"ی پێبەخشرا. لە ساڵی 2017ەوە، عەلی بە پاڵپشتی و سپۆنسەریی مامی، هەنگاوی نا بۆ نێو بوکسێنی پیشەگەر. لە هەمان ساڵدا لە پۆڵۆنیا یەکەمین سەرکەوتنی پیشەگەریی خۆی تۆمارکرد. لە 18یەمین یاریی پیشەگەرییدا لە ئەمریکا، بەرامبەر یاریزانێکی مەکسیکی سەرکەوتنی بەدەستهێنا
درەوشانەوەی عەلی بەردەوام بوو تاوەکو لە ساڵی 2023 و لە 23یەمین یاریی خۆیدا لە چین، توانی بەسەر "سیریل ماکیادی"ی یاریزانی بۆکسێنی بەناوبانگی فەرەنسیدا سەربکەوێت و نازناوی پاڵەوانی جیهانیی پشتێنی WBO Global بەدەستبهێنێت. عەلی بالۆیڤ سەبارەت بە دەستپێک و سەرکەوتنەکانی،قسەی بۆ رووداو کرد و گووتی "لە منداڵییەوە بە حەزێکی زۆری خۆم هاندانی باوکم هاتمە نێو جیهانی بوکسێن. توانیم لە ئاماتۆرییەوە بگەمە بەرزترین ئاستەکانی پیشەگەری و چەندین پشتێنی جیهانی ببەمەوە. لەگەڵ بەدەستهێنانی نازناوەکان، عەلی رووبەرووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە؛ لە ئاڵماتای کازاخستان رێگەیان پێنەدا یاریی پارێزگاریکردن لە پشتێنەکەی بکات بەبیانووی نەبوونی سپۆنسەر و پشتیوانی ناوخۆیی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پشتێنەکەی لەدەستبدات.
عەلی بالۆیڤ بە ئومێدەوە لە ئایندە دەڕوانێت و خەونە گەورەکەی خۆی بۆ کوردستان ئاشکرا دەکات و بە رووداو دەڵێت: "ئارەزووی هەرە گەورەم ئەوەیە بێمە کوردستان و پشتێنی پاڵەوانێتییەکەم پێشکەشی سەرۆکی کورد بکەم. خەونی من ئەوەیە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز بکەمەوە