
گەنجێکی دەربەندیخان پۆڵا و شاخی ئاژەڵ دەکاتە چەقۆی ناوازە
گەنجێکی دەربەندیخان پۆڵا و شاخی ئاژەڵ دەکاتە چەقۆی ناوازە
لە دەربەندیخان، گەنجێک بە دروستکردنی چەقۆی دەستکردی ناوازە و بەرزکردنەوەی کوالێتی دروستکراوی ناوخۆیی، سەرنجی بەکارهێنەرانی چەقۆی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئەو بە بەکارهێنانی کەرەستەی سروشتی، ئاسنی سەخت و شاخی ئاژەڵ دەکاتە چەقۆ.
هێمن باقی، 10 ساڵە لە بواری چەقۆسازیدا کار دەکات. چیرۆکی دەستپێکردنی کارەکەی بۆ خولیای خۆی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەگەڕێتەوە، وەک خۆی دەڵێت: "سەرەتا لە ماڵەوە دەستم پێکرد؛ لە رێگەی ئینتەرنێتەوە سەیری ڤیدیۆی فێرکاری چەقۆسازیم دەکرد و وردە وردە شارەزاییم پەیدا کرد. سێ ساڵ لە ماڵەوە کارم کرد و دواتر دووکانم دانا ئێستا حەوت ساڵە لە دووکانەکەم بەردەوامم."
ئەوەی چەقۆکانی هێمن لە چەقۆی ئاسایی بازاڕ جیا دەکاتەوە، بەکارهێنانی پۆلای بەهێز و کواڵێتی بەرزە بۆ دەمی چەقۆکە، لەگەڵ بەکارهێنانی شاخی ئاژەڵان بۆ دەسکەکەی
سەبارەت بە جۆری ئاسن و شاخەکان، هێمن باقی روونی دەکاتەوە: "بۆ دەمی چەقۆکان پۆلای جۆراوجۆر بەکاردەهێنم، وەک کاربۆن ستیل و پۆلای دیمەشقی و پارچەی ئۆتۆمبێل دەسکەکانیشیان، شاخی بزن، مەڕ، و هەروەها داری تایبەت و پلاستیک بەکاردەهێنم، ئەوەش بەپێی داواکاری و خولیای کڕیارەکان دیاری دەکرێت."
پرۆسەی دروستکردنی چەقۆکان لە کورەی ئاگر و گەرمکردنی ئاسنەکەوە دەست پێدەکات، دواتر بە چەکوشکاری و داڕشتنەوە لەسەر سندان شێوەی پێدەدرێت، پاشان چەماندن، تاشین و پۆڵیشکردنی بۆ دەکرێت تاوەکو بە تەواوی تیژ و بریقەدار دەبێت.
چەقۆکانی هێمن باقی تەنیا بۆ بەکارهێنانی رۆژانە یان قەسابخانەکان نین، بەڵکو بەشێکی زۆریان وەک دیاری، خولیا یان بۆ بەکارهێنانی تایبەت داوا دەکرێن. خەڵک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی پێوە دەکەن و داواکاری لەسەر دیزاین، جۆری ئاسن و شێوازی دەسکەکەی دەکەن.
سەبارەت بە نرخەکان، هێمن دەڵێت: "نرخی چەقۆکان لە نێوان 10 هەزار بۆ 120 هەزار دیناردایە. نرخەکە بەپێی جۆری ئاسنەکە و کەرەستەی دەسکەکەی دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە چەقۆیەک کە لە پۆلای دیمەشقی و شاخی بزنی کێوی دروست کرابێت، بەهۆی ئەوەی کواڵێتی زۆر بەرزە و دروستکردنی زەحمەتە، نرخی گرانترە."
لە قۆناغی کۆتاییدا و لەسەر داوای کڕیاران، هێمن باقی بە ئامێری تایبەت ناو یان هەڵکۆڵینی هونەری لەسەر دەمی چەقۆکە یان دەسکەکەی دەکات، تاوەکو ببێتە دیارییەکی تایبەت یان پارچەیەکی ناوازە بۆ خاوەنەکەی.