
مۆزەخانەی کولتووریی شار لە کفری یەكێکە لە دەوڵەمەندترین مۆزەخانەکانی گەرمیان
مۆزەخانەی کولتووریی شار لە کفری یەكێکە لە دەوڵەمەندترین مۆزەخانەکانی گەرمیان
لە کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، مۆزەخانەیەک بە هەوڵی کەسی بۆ کەلەپوور دامەزراوە، کە ئێستا بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین مۆزەخانە کلتوورییەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت. "مۆزەخانەی کلتووریی شار" کەرەستەی کۆنی ژیانی رۆژانە و مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاخاڤتنی رەسەنی کوردیی ناوچەکەی ئەرشیڤ کردووە.
مۆزەخانەکە ساڵی 2014 دەست بە کۆکردنەوەی کەرەستەکانی کراوە و لە ساڵی 2015 بە فەرمی کراوەتەوە. سۆران عوسمان، دامەزرێنەری مۆزەخانەی شار لە کفری، ئاماژە بە گەشەکردنی مۆزەخانەکە دەکات و دەڵێت: "سەرەتا بە کەرەستەی کەم دەستمان پێکرد، بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵانەدا پەرەپێدانی زۆری بەخۆیەوە بینی و خۆشبەختانە ئێستا بووەتە مۆزەخانەیەک لەسەر ئاستی عێراق کە بە دەوڵەمەندترین مۆزەخانە دادەنرێت لە رووی جۆراوجۆریی کەرەستەکانییەوە."
مۆزەخانەکە بەپێی پیشە و بوارە جیاوازەکان دابەشکراوە؛ لە بەشی پیشە دێرینەکانی وەک هەلاجی، جۆڵایی، مسگەری و درومانەوە، تاوەکو دەگاتە جلوبەرگی رەسەنی کوردی، کەرەستەی کشتوکاڵی کۆن، ئامێرە دەنگی و بینراوەکانی وەک تەلەڤزیۆن و رادیۆ دێرینەکان.
ئەوەی ئەم مۆزەخانەیە جیا دەکاتەوە، بوونی چەندین پارچەی دەگمەنە کە چیرۆکی تایبەتی شاری کفری دەگێڕنەوە. لە نێو ئەو کەرەستەیەدا مەقەسێکی تایبەتی خەتەنەکردن دەبینرێت، سۆران عوسمان باس لە مێژووەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەمە مەقەسی خەتەنەکردنە کە لە کفری لای کەسایەتییەک بووە بە ناوی 'مام کەریم گەرگەری'. نەوە دوای نەوە و تاوەکو گەیشتووەتە سەردەمی ئێمە، خەتەنەکردنی کوڕانی شارەکە لای مام کەریم بەم مەقەسە ئەنجامدراوە."
کەرەستەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێش، فانۆس و چرا تایبەتەکانی هێڵی ئاسن و شەمەندەفەری کفریین لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوودا. سۆران عوسمان روونی دەکاتەوە: "ئەم فانۆسانە وەک ترافیکلایتی وێستگەی شەمەندەفەری کفری بەکارهاتوون. کارمەندانی وێستگەکە بە زەرد، سوور و سەوز ئاماژەیان پێداون. بەداخەوە ئێستا شەمەندەفەرەکە نەماوە، بەڵام ئێمە چرا و شاقامەکانیمان لەم مۆزەخانەیە پاراستووە."
یەکێکی دیکە لە بەشە گرنگەکانی مۆزەخانەکە، "هۆڵی وەزیران"ە. شاری کفری لە مێژووی سیاسیی عێراق و کوردستاندا خاوەنی 8 وەزیر بووە لە سەردەمەکانی پاشایەتی، کۆماری و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
سۆران عوسمان جەخت لە گرنگیی ئەم بەشە دەکاتەوە و دەڵێت: "شارۆچکەی کفری لەسەر ئاستی عێراق بە 'شارۆچکەی وەزیران' دەناسرێت. ئێمە هۆڵێکمان بۆ ئەو 8 وەزیرەی خەڵکی کفری تەرخانکردووە؛ لە عومەر نەزمی وەنداوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردەمی پاشایەتیدا، تاوەکو د. مەکرەم تاڵەبانی، مەحمود بابان، عوسمانی حاجی مەحمود، ئاسۆس نەجیب و شێخ محەممەد شاکەلی. وێنە، بەڵگەنامە، ژیاننامە بە سێ زمان و بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیانمان لەم هۆڵەدا نمایش کردووە."
، مۆزەخانەی شار رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە ئەرشیڤکردن پاراستنی ناوی رەسەنی ئامێر و کەرەستە کۆنەکان بە زمانی کوردی، تاوەکو لە بیری نەوەی نوێ نەچنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مۆزەخانەکە ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگاریی کەمیی شوێن بووەتەوە. دامەزرێنەری مۆزەخانەکە دەڵێت: "ژوورەکانی مۆزەخانەکە بە تەواوی پڕبوونە و شوێن بۆ دانانی کەرەستەی نوێ نەماوە. ئێستا بەشێکی زۆری پارچە و کەرەستە بەنرخەکانمان بەهۆی نەبوونی شوێن لە کۆگاکاندا هەڵگرتووە. پێویستمان بە فراوانکردنی مۆزەخانەکەیە تاوەکو بتوانین هەموو مێژووی شارەکە بەجوانی پێشانی سەردانیکاران بدەین."