گرووپی میوزیکی کیژانی کوردستان، کە لە نزیکەی 50 کچە ژەنیار و گۆرانیبێژ پێکهاتوون،. لە نێو ئەم گرووپەدا، 10 کچی گەنجی خەڵکی شاری سنە و دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن بەشدارییان لە چەندین کۆنسێرت و چالاکی هونەریی لە باشووری کوردستان کردووە
سەبا مەزهەری، یەکێک لە ژەنیارە دیارەکانی گرووپەکەیە کە ئامێری کەمانچە دەژەنێت. سەبا لە تەمەنی شەش ساڵییەوە سەرقاڵی ژەنینی میوزیکە و ئێستا قوتابیی زانکۆی کوردستانە لە سنە. بەڵام rێڕەوی هونەریی سەبا بێئاستەنگ نەبووە؛ نەبوونی شوێنی تایبەت بە راهێنان و داخستنی زانکۆکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، بەربەستی گەورەیان لەبەرامبەر دروستکردووە.
سەبا سەبارەت بە سەختییەکانی کاری هونەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "ئێمە هەمیشە هەست بە روانینی تایبەت و گوشار دەکەین. شوێنمان نییە بۆ راهێنان مەگەر خۆمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە شوێنێک کۆببینەوە یان بەشێوەی تاکی راهێنان بکەین، ئەگینا هیچ ناوەندێک پشتگیریمان ناکات. بەڵام سەرەڕای سەختییەکان کۆڵمان نەداوە."
بۆ ژیان وەلەدی، کە خەڵکی شارۆچکەی کامیارانە، جیهانی گۆرانیگوتن کۆسپی زۆرتری لەبەرامبەردا بووە. ژیان لە شارێکی بچووکەوە هاتووە کە دەرفەتی دەرکەوتن بۆ کچانی گۆرانیبێژ زۆر سنووردارە، بەڵام جۆش و خولیای بۆ هونەر و پشتیوانیی خێزانەکەی بوونە پاڵپشتی سەرەکیی.
ژیان دەڵێت: "خێزانەکەم زۆر پشتگیرییان کردم، ئەگینا زۆر کچ هەن دەنگیان زۆر خۆشە و بەهرەیان هەیە، بەڵام چونکە پشتیوانی ناکرێن، ناتوانن لە شارە بچووکەکاندا دەربکەون و گۆرانی بڵێن. هێشتا بڕوا و روانینێک هەیە کە رێگە نادات ژنان ئازادانە گۆرانی بڵێن، بەڵام من بێئومێد نەبووم."
ئەم کیژانەی سنە و کامیاران بە تەنیا یان لە نێو گرووپەکانی وەک روومانگ، رۆژ و ماڵی میوزیکدا لە سنە دامەزراون، چالاکی دەکەن. حوسنا تەمهیدی، ژەنیاری ئامێری تار، ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی ساڵێکە لەگەڵ گرووپی روومانگ هاتوچۆی سلێمانی دەکەن و کۆنسێرتیان ئەنجامداوە.
پوونە عەزیمی، ژەنیارێکی دیکەی گرووپەکەیە و دەڵێت: "سلێمانی شارێکی زۆر جوان، دڵنشین و میواندۆستە. زۆر خۆشحالین کە دەرفەتی ئەوەمان بوو بێینە ئێرە و سوپاسی میواننوازییان دەکەین."
سەپاندنی یاسا و رێسای توند بەرامبەر بە گۆرانیوتن و میوزیکژەنیی ژنان لە ئێراندا، وایکردووە باشووری کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی ببێتە وێستگە و پەناگەیەکی زۆر گرنگی هونەری بۆ هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان. فەرناز قەوامی، ژەنیاری ئامێری چیلۆ لە گرووپەکە، دەڵێت: "ئێمە بەشداریمان لە فێستیڤاڵی جلی کوردی لە سلێمانی کرد. ئامانجمان ئەوەیە ئەوەندە پێشڕەوی بکەین تاوەکو بە کچانی دیکە نیشان بدەین کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە و دەتوانن بە هەوڵدان بە ئامانجەکانیان بگەن."
سەرەڕای هەموو بەربەستە جوگرافی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کیژانی سنە بە ئامادەبوونی بەردەوامیان لە ئاھەنگ و کۆنسێرتەکانی باشووری کوردستاندا، پەیامێکی روون دەدەنە جیهان؛ کە میوزیک سنوورەکان دەبەزێنێت