
پەیکەرسازێک پارچە شوێنەوارییە دەگمەنەکان لە فەوتان دەپارێزێت
پەیکەرسازێک پارچە شوێنەوارییە دەگمەنەکان لە فەوتان دەپارێزێت
لە نێو هۆڵ و تاقیگەکانی مۆزەخانەی سلێمانی، پیاوێک بە بێدەنگی و بە دەستپەنجەیەکی زۆر وردبینییەوە، خەریکی پاککردنەوە، پاراستن و بەیەکەوەنانی ئەو پارچە شوێنەوارانەیە کە تەمەنیان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. ئاکام عومەر قەرەداخی، پەیکەرساز و چاکسازی شوێنەوارەکان لە مۆزەخانەی سلێمانی، زیاتر لە 24 ساڵە ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ پاراستن و بەخشینەوەی تەمەن بە کەلەپوور و مێژووی کوردستان.
لە پەیکەرسازییەوە بۆ پاراستنی مێژوو
ئاکام عومەر سەرەتا وەک پەیکەرسازێک کاری دەکرد و نەخش و پەیکەری دروست دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2000ەوە پەیوەندی بە مۆزەخانەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییەوە کرد تاوەکو بەهرە و هونەرەکەی لە خزمەتی پاراستنی شوێنەواردا بەکاربهێنێت. لە دەستپێکی کارەکانیدا، بەشداربوو لە دروستکردنەوەی نەخشە بەرجستەکانی وەک نەرام سین و زەردی رەبەنە" و میر قولی کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژانە وایکرد روو لە بواری چاکسازی و پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکان بکات.
کارەکانی ئاکام عومەر دوو بەشی سەرەکی لەخۆدەگرن؛ شوێنەوارە گوازراوەکان و نەگوازراوەکان. لە شوێنەوارە گوازراوەکاندا، کار لەسەر ئەو پارچە گڵێنە، بڕۆنز، ئاسن، بەرد و ئێسکانە دەکات کە لە پشکنینە شوێنەوارییەکاندا دەدۆزرێنەوە. ئەو بە ئامێری وردی وەک میکرۆسکۆپ و دڕێلی ورد و بە مامەڵەی فیزیکی و کیمیایی، ژەنگ و نیشتووە کەڵەکەبووەکان لادەبات بەبێ ئەوەی زیان بە جەستە سەرەکییەکەی ببەخشێت.
لە بەشی شوێنەوارە نەگوازراوەکانیشدا، راستەوخۆ بەشدارە لە نۆژەنکردنەوەی خانوو، دیوار و باڵەخانە کەلەپوورییەکان و پاراستنی نەخشە بەردینەکان لە شوێنی خۆیاندا.
دەرزییەک هەڵە، مێژوویەک تێکدەدات
دەستکاریی شوێنەوارێک کە تەمەنی هەزاران ساڵە، بەرپرسیارێتییەکی قورسە. ئاکام عومەر ئاماژە بەوە دەکات کە لەم کارەدا نابێت تەنانەت بەقەد سەری دەرزییەکیش هەڵە هەبێت، چونکە هەر هەڵەیەک زیانێک بە پارچەکە دەگەیەنێت کە هەرگیز چاک نابێتەوە.
ئاکام عومەر دەڵێت: "ئەم شوێنەوارانە بەڵگەی مێژووییی بێهاوتان. ئێمە بۆ هەر پارچەیەک راپۆرتێکی زانستیی ورد تۆمار دەکەین تاوەکو توێژەرانی داهاتوو پاش 50 یان 100 ساڵی دیکە بزانن چی دەستکارییەک کراوە و چ ماددەیەک بەکارهاتووە. ئەم کارە پێویستی بە ئەمانەتکاری، ئارامی و پسپۆڕییەکی زۆر بەرز هەیە."
نۆژەنکردنەوەی خانوو و باڵەخانە کەلەپوورییەکان بەشێکی دیکەی گرنگی کارەکانی ئاکام عومەرن. ئەو بە بەکارهێنانی کەرەستەی وەک خشت، دار، قسڵ و بەرد، خانووە رووخاوە کۆنەکان دەگەڕێنێتەوە باروودۆخی یەکەمی خۆیان بەبێ ئەوەی زیان بە سیمای مێژوویی ناوچەکە بگەیەنێت و لە فەوتان رزگاریان دەکات.