
شیلان شەعبان؛ هونەرمەندێک لە بەرد و سرووشت رەنگ دروست دەکات
شیلان شەعبان؛ هونەرمەندێک لە بەرد و سرووشت رەنگ دروست دەکات
چیرۆکی شیلان شەعبان، تێکەڵەیەکی جوانە لە نێوان زانست و هونەردا. ئەم کچە هونەرمەندە دوای چوار ساڵ تاقیکردنەوەی بەردەوام، توانیویەتی خەونەکەی بێنێتە دی و سەرکەوتووانە رەنگی بەکارهاتوو لە تابلۆکانیدا راستەوخۆ لە سرووشتی کوردستانەوە وەربگرێت.
زانست لە خزمەتی هونەردا
شیلان وەک وێنەکێشێک هەمیشە پرسیاری ئەوە لە مێشکیدا بووە کە رەنگەکان لە کۆێوە دروست دەبن. دوای ئەوەی لە بەشی زیندەوەرزانی خوێندی، بۆی دەرکەوت کە رەنگە کیمیاییە بازرگانییەکان زیاتر لە 20 ماددەی کیمیایی زیانبەخش و ماددەی پلاستیکییان تێدایە کە ریسایکڵ نابنەوە و دەبنە پاشماوەی زیانبەخش بۆ ژینگە. ئەم راستییە وای لێکرد بیر لە رێگەیەک بکاتەوە بۆ ئەوەی رەنگ لە سرووشتی دەوروبەری وەربگرێت و تابلۆکانی ببەستێتەوە بە رەگ و ریشەی خاکەکەیەوە.
لە بەرد و هەنارەوە بۆ 10 رەنگی سەرەکی
دەستپێکی کارەکەی شیلان لە ساڵی 2021دا بوو، کاتێک لە تاقیکردنەوەی دوو بەردی سپی و ڕەشەوە دەستی پێکرد. پاش چوار ساڵ هەوڵدان، توانیویەتی 10 رەنگی سەرەکی لە کەرەستەی سرووشتیی وەک بەرد، رووەک، هەناری وشکراوە و چەوەندەر دروست بکات. هەروەها بە تێکەڵکردنی رەنگە سەرەکییەکان (وەک تێکەڵکردنی زەرد و شین بۆ دەستکەوتنی سەوز، یان سوور و زەرد بۆ پرتەقاڵی)، تەواوی رەنگەکانی دیکە بەرهەم دەهێنێت.
ئەوەی کاری شیلان تایبەتمەند دەکات، بەکارهێنانی "بنێشتی کوردی"یە وەک بەستەرێکی سرووشتی بۆ ئاوێتەکردنی رەنگەکان، لە بڕی بەستەرە کیمیایی و پلاستیکییەکان. ئەم داهێنانی وایکردووە رەنگەکان دوای وشکبوونەوە کاڵ نەبنەوە و رەنگ و روویان هەروەکو خۆی بمێنێتەوە. تابلۆکانی شیلان بە کردەیی پارچەیەک لە سرووشتن و خاوەنی براندێکی تایبەتە بە رەنگە سرووشتییەکان.
وۆرکشۆپ و بڵاوکردنەوەی هوشیاریی ژینگەیی
خەونی شیلان تەنیا بۆ خۆی نەبووە؛ ئەو نایەوێت ئەم زانستە تەنیا لای خۆی بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت سەدان گەنج و منداڵ بەم رەنگە سرووشتییانە ئاشنا بکات و دووریان بگرێت لە ژەهری ماددە کیمیاییەکان. ناوە ناوە وۆرکشۆپی تایبەت بۆ گەنجان و ئارەزوومەندانی هونەر ساز دەکات و فێریان دەکات چۆن رەنگ بدەن بە وێنەکانیان و ببنە هاوڕێی ژینگە.
سارا ئیسماعیل، یەکێک لە بەشداربووانی وۆرکشۆپەکانی شیلان، دەڵێت: "زۆر سوودمەند بووم لەم وۆرکشۆپەی شیلان سازی کردووە. زۆر شانازیی پێوە دەکەم کە توانیویەتی براندی خۆی دروست بکات کە رەنگەکان بە تەواوی لە سرووشتەوە وەردەگرێت."
شیلان شەعبان سەلماندویەتی کە هونەر کاتێک لەگەڵ پاراستنی ژینگە و زانستدا یەکدەگرێتەوە، بەرهەمەکەی هەر تابلۆیەک نییە بەڵکو گوزارشتە لە خۆشەویستی بۆ خاک، سرووشت و تەندروستیی کۆمەڵگە.