سەگی "شیبا ئینو" کە بە رچەڵەک ژاپۆنییە و بۆ ژیان لە شاخە سەختەکان راهاتووە، سنوورەکانی بڕیوە و بووەتە دڵخوازترین و بەربڵاوترین جۆری سەگ لە چین. لە پارک، شەقام و گەڕەکەکانی شارە گەورەکانی چیندا، ئەم سەگە کە چینییەکان پێی دەڵێن "چای چێن"، بووەتە بەشێک لە مۆدێل و ستایلی ژیانی سەردەمییانەی گەنجان و بنەماڵەکانی ئەو وڵاتە.
قەبارەیەکی بچووک بۆ شارە جەنجاڵەکان
لە شارە گەورەکانی چیندا، راگرتنی سەگی قەبارە گەورە ئاسان نییە، چونکە بەپێی یاسا و رێنماییەکان ناتوانرێت ببرێنە نێو هەموو دووکان، مۆڵ، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان. لێرەدا قەبارە مامناوەند و بچووکەکەی شیبا ئینو دەبێتە خاڵی بەهێزی ئەم سەگە، چونکە رێگە بە خاوەنەکانیان دەدات بە ئاسانی لەگەڵ خۆیاندا بیانبەنە هەموو شوێنێک و تێکەڵی ژیانی رۆژانەیان بکەن.
ئەوەی شیبا ئینو لە جۆرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، کەسایەتییە سەربەخۆکەی و پاکوخاوێنییەکەیەتی. بە تووکە سوورە گەشاوەکەی و باڵا رێکەکەی، لە رێوی دەچێت. لی وێن وێن، خاوەنی دووکانی سەگ، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی شیبا دەڵێت: "شیبا ئینو پاک و خاوێنە و کەسایەتییەکی هاوشێوەی پشیلەی هەیە، حەزی لە خەوتنە و مووەکەی ئاسان دەپارێزرێت. ساڵانە دووجار مووی دەوەرێت؛ لە زستاندا مووی ئەستوور دەردەکات بۆ بەرگری لە سەرما و لە هاویندا فڕێی دەدات. کەسایەتییەکی سەرسەخت و بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەیە؛ رۆژانە تا کاژێرێک کاتیان بۆ تێڕامان و بێدەنگی پێویستە، ئەمەش زۆر نازدارە."
ئەستێرەی سۆشیال میدیا
ئەم سەگانە تەنیا لە شەقامەکاندا نابینرێن، بەڵکو بوونەتە ئەستێرەی درەوشاوەی سۆشیال میدیا لە چین. لە پلاتفۆرمە بەناوبانگەکاندا هەزاران هەژمار بۆ پێشاندانی جوانی و رەفتارەکانیان تەرخانکراون. هەروەها کافێی تایبەت بە شیبا ئینو کراونەتەوە تاوەکو ئەو کەسانەی ناتوانن لە ماڵەوە سەگ بەخێو بکن، بچنە ئەوێ و کاتیان لەگەڵ بەسەر ببەن.
لیو چانگ، خوێندکارێکی ئامادەیییە و سەردانی کافێیەکی شیبا ئینوی کردووە لە بەیژینگ، دەڵێت: "ماڵەکەم بچووکە و خوێندکاری بەشەناوخۆییم، بۆیە کاتم نییە بۆ بەخێوکردنی سەگ. 105 یوانم خەرج کرد بۆ ئەوەی بێمە ئێرە و یارییان لەگەڵ بکەم و خواردنیان بدەمێ. لێرە دەتوانیت دەستیان لێ بدەیت. ئەم سەگە کەسایەتیی لە من دەچێت، بۆیە زۆرم بەدڵە."
نرخ و هەڵبژاردن لە سەردەمی کەرەنتیندا
نرخی یەک دانە لەم سەگە، لە نێوان هەزار بۆ سێ هەزار دۆلاری ئەمریکیدایە. لی وێن ینگ، خاوەنی سەگێکە بە ناوی 'جاکسن' و دەڵێت: "من شیبا ئینوم هەڵبژارد چونکە قەبارەیەکی مامناوەندی هەیە و بە ئاسانی نەخۆش ناکەوێت. لە ساڵی 2022ـوە بەخێوی دەکەم و بەهۆی حەزم بۆ رەنگی رەش، ئەم رەنگەم هەڵبژارد."
هو یی یی، خاوەن سەگێکی دیکەیە و باس لە هۆکاری کڕینی دەکات لە کاتی پەتای کۆرۆنادا: "لە ساڵی 2019 و لە کاتی کەرەنتینەی کۆرۆنادا نەماندەتوانی بچینە دەرەوە، بۆیە دایکم ئەم سەگەی هەڵبژارد چونکە لە سۆشیال میدیا زۆر بەناوبانگ بوو. ئێستا حەوت ساڵە لای ئێمەیە و بە خێرایی لەگەڵ خەڵک تێکەڵ دەبێت." لی شان شان، خاوەن سەگێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەگی بچووک بۆ سەفەر و پیاسە زۆر ئاسانن و رەنگەکانیان سەرنجڕاکێشن.