کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

گەڕەکی بالات لە ئیستەنبووڵ، بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی

گەڕەکی بالات لە ئیستەنبووڵ، بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی

فیچەرەکان01/08/2026

گەڕەکی بالات لە ئیستەنبووڵ، بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی

گەڕەکی بالات، کە دەکەوێتە ناوچەی فاتیحی شاری ئیستەنبووڵ، لە یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی پایتەختی پێشووی عوسمانییەکانەوە، گۆڕدراوە بۆ یەکێک لە گەرمترین و بەناوبانگترین ناوەندەکانی گەشتیاری، هونەر و سینەما لەسەر ئاستی جیهان. ئەم گەڕەکە بە خانوو و پلیکانە رەنگاوڕەنگەکانی، کۆڵانە بەردینە تەنگەکانی و تەلارسازییە کۆنەکەی، سەرنجی هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بێگانەی راکێشاوە و وەک "ستۆدیۆیەکی سرووشتی" بۆ وێنەگرتن و فیلمسازی سەیر دەکرێت. بالات تەنیا شوێنێکی گەشتیاریی ئاسایی نییە، بەڵکو مۆزەخانەیەکی زیندووە لە مێژووی شارەکەدا و لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکراوە. لە سەردەمی بیزەنتی و عوسمانییەکاندا، ئەم گەڕەکە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی وەک جوو، یۆنانی و ئەرمەنییەکان بووە. تاوەکو ئێستاش لە تەنیشت یەکدی، مزگەوت، کەنیسە و پەرستگەی جوو لە نزیک یەکدی ماون و وەک هێمایەکی درەوشاوەی فرەکولتووری بە زیندوویی پارێزراون. لە دوو دەیەی رابردوودا، بەتایبەتی دوای ساڵی 2000، ناوبانگی بالات سنوورەکانی تورکیای بڕی. هۆکاری سەرەکیی ئەم بازدانە گەورەیە، بەکارهێنانی کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکە بوو بۆ وێنەگرتنی دەیان دراما و فیلمی بەناوبانگی تورکی. پلیکانە رەنگاوڕەنگەکانی، بوونە بەشێک لە ناسنامەی بینراوی ئەو درامایانەی کە لە سۆشیال میدیا و کەناڵە جیهانییەکاندا پەخش دەکرێن. ئەمڕۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەزاران وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕەکانی ئینستاگرام و تیک تۆک، گەشتیاران لە هەموو لایەکی جیهانەوە روو لە بالات دەکەن تاوەکو لە هەمان ئەو شوێنانە وێنەی یادگاری بگرن. کامیلا، گەشتیارێکی ئەرجەنتینییە کە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ بینینی گەڕەکەکە هاتبوو، سەبارەت بە ئەزموونی خۆی دەڵێت: "ماوەی دوو رۆژە لە ئیستەنبووڵم و تایبەت هاتمە ئەم گەڕەکە، چونکە پێشتر وێنەی پلیکانە رەنگاوڕەنگەکانم بینیبوو. رەنگەکانی لێرە زۆر سەرنجڕاکێشن، بەڵام ئەوەی زیاتر کاریگەریی لەسەر دروستکردم، کولتووری جیاوازی ئەم شوێنەیە کە بەراورد بە ئەرجەنتین زۆر جیاوازە؛ لە شێوازی پۆشاک و رەفتاری خەڵکەکەیەوە تاوەکو شێوازی دەربڕینیان." هاکان ئاڵتوون کایا، ئەکادیمیست و رێبەری گەشتیاری، ئاماژە بە هۆکاری بەناوبانگبوونی گەڕەکەکە دەکات و دەڵێت: "لە 20 ساڵی رابردوودا بالات ناوبانگی پەیدا کردووە. لەبەر ئەوەی لە شەقامی کیرمیت دەیان دراما و فیلم وێنەگیراون، سەرنجی بینەرانی راکێشاوە. زۆربەی گەشتیاران سەرەتا سەردانی پاتریارکخانەکە دەکەن، دواتر نزیکەی دوو کاژێر لە نێو کۆڵانە رەنگاوڕەنگەکاندا پیاسە دەکەن و دەگەڕێن." زیادبوونی رێژەی گەشتیاران کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی ناوچەکە و زیندووبوونەوەی بازاڕەکەی دروستکردووە. عەزیزە سوڵتان سۆیسال، بەڕێوەبەری کافێیەکی بەناوبانگ لە بالات، دەڵێت: "بالات کەشوهەوایەکی زۆر تایبەتی هەیە و ئێمەش هەوڵمانداوە لە کافێکەماندا هەمان هەست بە کڕیاران ببەخشین. چەندین جار کافێکەمان لە دراماکاندا دەرکەوتووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر دوای بینینی دراماکان لەسەر شاشە، دێنە ئێرە، ئەمەش لەڕووی بازرگانییەوە زۆر بەسوود بووە بۆمان." سێراب سیڤریکایا، دانیشتوویەکی دێرینی گەڕەکەکەیە و پێیوایە ئەم ناوبانگەی بالات خێر و بەرەکەتی بۆ هەمووان هەبووە. ئەو دەڵێت: "پێشتریش گەڕەکەکەمان خۆش بوو، بەڵام ئێستا بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی کە گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە رووی تێدەکەن. ئەمە بازاڕی گەڕەکەکەی زۆر زیندوو کردووەتەوە و بەلای منەوە ئەم بە ناوبانگبوونەی بالات بۆ هەموو لایەک باشە." ئەیلم مێردینی، گەشتیارێکی نێوخۆیی تورکیایە دەڵێت: "شوێنێکی زۆر دڵگیرە. ئێمە لەگەڵ منداڵەکانمان هاتووین وێنە دەگرین و لە ئینستاگرام بڵاوی دەکەینەوە، زۆر بەم شتانە دڵخۆش دەبین."