
دۆستایەتیی نێوان کاسبکاران و باڵندەکان؛ سیمایەکی جوانیی بازاڕی سلێمانی
دۆستایەتیی نێوان کاسبکاران و باڵندەکان؛ سیمایەکی جوانیی بازاڕی سلێمانی
لەنێو قەرەباڵخی و ژاوەژاوی بازاڕی سلێمانیدا، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە میهرەبانی، سەرنجی گەشتیار و رێبواران رادەکێشێت.
رۆژانە، بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ، دەیان چۆلەکە، کۆترەشینکە و کوکوختی لە دانەوێڵەی بەردەم دووکانەکان دەخۆن. کاسبکاران نەک تەنیا رێگرییان لێناکەن، بەڵکو بە روویەکی خۆشەوە و بە بێدەنگی چاوەڕێ دەکەن تاوەکو باڵندەکان بە ئارامی بەشی خۆیان ببەن. عەبدولکەریم محەممەد، یەکێک لەو دووکاندارانەیە کە باڵندەکان لەگەڵی راهاتوون و بە رووداوی گوت: "جار هەیە دێنە سەر سەرم و نایانترسێنم، ئەوە رزقی خودایە و من حەز دەکەم هەمووی بخۆن."
ئەم میهرەبانییە لەنێو زۆرینەی دانەوێڵەفرۆشەکاندا رەنگی داوەتەوە و بازاڕەکەی لە شوێنێکی بازرگانییەوە گۆڕیوە بۆ پەناگەیەکی ئارام بۆ باڵندە کێوییەکان. حاجی غەریب ئەحمەد، کاسبکارێکی دیکەی بازاڕەکەیە و دەڵێت: "ئەمە رۆزیی خودایە، نەک من. جاری وا هەیە رۆژی جەژنە و من لەبەر ئەوان دێم دووکانەکەم دەکەمەوە تاوەکو بێنە ژوورەوە و دان بخۆن."
بۆ زۆربەی ئەم کاسبکارانە، باڵندەکان بوونەتە ئەندامێکی خێزانەکەیان و بەشێکی دانەبڕاو لە کارەکەیان. جەمال مەحموود سەرگەڵوویی، دووکاندارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە باڵندەکان نزیکەی 6 ساڵە بەم شێوەیە راهاتوون و دەڵێت: "بە دڵی خۆیان دەگەڕێن و چ جۆرە تێکەڵەیەک و دانێکیان بوێت، دەیخۆن، کەسیش ئازاریان نادات."
دۆستایەتیی نێوان باڵندەکان و کاسبکاران سەرنجی گەشتیارانیشی راکێشاوە و وەک تایبەتمەندییەکی جوانیی شارەکە سەیری دەکەن. ئەحمەد وەعد، کە وەک گەشتیارێک لەنێو بازاڕەکەدا پیاسەی دەکرد، بە سەرسامییەوە گوتی: "کاتێک دەبینین ئەم باڵندە کێوییانە بەم شێوەیە لە کاسبکارەکانەوە نزیکن و کەس ئازاریان نادات، هەستێکی زۆر جیاواز و جوانی مرۆڤدۆستی دەبەخشێت."
مێژووی ئەم پێکەوەژیانە هاوتای تەمەنی سلێمانییە؛ لە مزگەوتی گەورەوە کە لەگەڵ بنیاتنانی شارەکەدا دروست کراوە، تاوەکو باخی گشتی کە نزیکەی سەدەیەکە بووەتە پەناگەی دەیان باڵندە. محەممەد کاوە، خوێندکاری زانکۆیە و پێیوایە ئەم رەفتارە رەنگدانەوەی ناخی مرۆڤەکانە و دەڵێت: "مرۆڤێک کە لەگەڵ باڵندە و ئاژەڵدا بەم شێوەیە میهرەبان بێت، بێگومان لەگەڵ مرۆڤەکانیشدا میهرەبان دەبێت."
ئێستا، ئەم کولتووری میهرەبانییە لە بازاڕەوە پەڕیوەتەوە بۆ حەوشە، سەربان و باڵکۆنی ماڵەکانیش. باڵندەکان کە بە سرووشتی خۆیان لە مرۆڤ دەترسن، لە سلێمانی وردە وردە ئەو ترسەیان شکاندووە و فێری "ماڵیبوونی سرووشتی" بوون، بەوەش تابلۆیەکی جوانتریان بە ژیانی نێو بازاڕ و کۆڵانەکانی شارەکە بەخشیوە