
شارباژێڕ؛ ئاشێکی 100 ساڵە لە گوندی گۆرانگە هێشتا کار دەکات
شارباژێڕ؛ ئاشێکی 100 ساڵە لە گوندی گۆرانگە هێشتا کار دەکات
لە نێو دارستان و سرووشتە دڵڕفێنەکەی شارباژێڕ، لە گوندی گۆرانگە، ئاشێکی ئاو هەیە کە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەکە. ئەم ئاشە بووەتە ناسنامە و میراتێکی مێژوویی کە یادگاریی چەندین نەوەی لەخۆ گرتووە.
چیرۆکی دروستکردنی ئاشەکە تێکەڵەیەکە لە ماندووبوون و وەفاداریی خێزانێک. عەبدوڵڵا محەممەد، ئاشەوانی گوندەکەیە و بە رووداوی گوت: "ئەم ئاشە باپیرانمان دروستیان کردووە و جێگەی شانازیمانە. کاتی خۆی دوو پیاو دەستیان بە دروستکردنی کردووە، بەڵام چونکە کوڕەکانیان منداڵ بوون، ژنەکانیان هاوکارییان کردوون و بەرد و داریان بۆ گواستوونەتەوە تاوەکو تەواو بووە." ئەم گیانی هاوکارییە تەنانەت لە دروستکردنی مزگەوتی گوندەکەشدا رەنگی داوەتەوە.
بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەم ئاشەدا بەسەر بردووە، هەر سووچێکی شوێنەکە لاپەڕەیەکی زیندووی یادگارییەکانە. مستەفا عەبدولڕەحمان، ئاشەوانێکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: "هەر کاتێک دێمە ئێرە، دڵم دەکرێتەوە. کەلوپەلەکانی ئێرە هەمووی یادگارین و تەمەنمان لەگەڵ خولانەوەی چەرخی ئەم ئاشەدا بەسەر بردووە."
ئاشەکەی گۆرانگە گوزارشتە لە خۆڕاگریی گوندنشینان؛ لە ماوەی تەمەنیدا سێ جار بەهۆی شەڕ و راگواستنی زۆرەملێوە رووخاوە، بەڵام هەموو جارێک نۆژەن کراوەتەوە. دوایین جار لە ساڵی 2022، لەلایەن رێکخراوی خێرخوازیی "کەریمی عەلەکە"وە جارێکی دیکە نۆژەن کرایەوە، بۆ ئەوەی وەک شوێنەوارێکی مێژوویی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.
ئێستا هەرچەندە بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان، کەمیی ئاو و کەمیی خواستی هاووڵاتییان بۆ هاڕین، چەرخەکەی وەک جاران ناخولێتەوە، بەڵام هێشتا وەک شووناسێکی زیندوو پارێزراوە. گوندی گۆرانگە، کە 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە دوورە، بە نیشتمانی هەنار، گوێز، قۆخ و قەیسی ناسراوە و ئەم ئاشە مێژووییە تابلۆیەکی رەسەنتری بە سرووشتی شارباژێڕ بەخشیوە.