لە شاری وان لە باکووری کوردستان، نانی بەیانی گوزارشتە لە کولتوورێکی دەوڵەمەند و مێژوویەکی دێرین کە سەدان ساڵە وەک شووناسێکی شارەکە بە زیندوویی ماوەتەوە.
سفرەی نانی بەیانیی وان بەهۆی جۆراوجۆریی پێکهاتەکانییەوە وەک پەنیری جۆراو جۆر، هەنگوینی سرووشتی، قەیماغ و چەندین جۆری دیکەی بەرهەمی خۆماڵی، ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کردووە. موراد زیاد، خاوەنی چێشتخانەیەکە لە وان و باس لەوە دەکات کە نانی بەیانی لای ئەوان تەنیا بۆ تێرکردنی سک نییە، ئەو بە رووداوی گوت: "ئامانجمان ئەوەیە میوانەکانمان لەڕێگەی ئەم خوانەوە بە کولتووری وان ئاشنا بن. ئەم کولتوورە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و ئێمە بە شانازییەوە پاراستوومانە."
یەکێک لە تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی ئەم خوانە، هەبوونی چەندین جۆری خواردنە کە تەنیا لە وان دەست دەکەون؛ وەک "پۆخین" یان "کاڤووت" کە لە گەنم دروست دەکرێت، هەروەها "مورتوغا" کە تێکەڵەیەکە لە ئارد، کەرە و هێلکە. ئەرجان هادی، خاوەن چێشتخانەیەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی بەرهەمەکانیان لە کوێستان و زۆزانەکانی وانەوە بە سرووشتی دەهێنرێن، ئەو دەڵێت: "ئەو پەنیرەی ئێمە پێشکەشی دەکەین، شەش مانگ لەژێر خاکدا دەمێنێتەوە تاوەکو تام و بۆنە رەسەنەکەی خۆی وەردەگرێت."
چیرۆکی جیهانیبوونی نانی بەیانیی وان لە ساڵی 2014ـدا گەیشتە لووتکە، کاتێک بە بەشداریی زیاتر لە 51 هەزار کەس لە دەوری یەک خوان، گەورەترین ریکۆردی جیهانی لە کتێبی گینس تۆمار کرا. ئێستا رێکخراوی یوونسکۆ وەک میراتێکی کولتووریی گرنگ سەیری ئەم خوانە دەکات و ساڵانە هەزاران گەشتیار لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە تەنیا بۆ چێژوەرگرتن لەم ئەزموونە روو لە شارەکە دەکەن.
جیاوازیی نانی بەیانیی وان لەوەدایە کە هەموو پێکهاتەکانی 100% خۆماڵین. چا خواردنەوەش لای خەڵکی وان رێوڕەسمێکی تایبەتە و پێش نان و دوای نانیش بە گەرمی دەمێنێتەوە.