
دەربەندیخان؛ مۆزەخانەیەکی تایبەت بۆ پاراستنی کەلوپەلی کۆن و کوردەواری
دەربەندیخان؛ مۆزەخانەیەکی تایبەت بۆ پاراستنی کەلوپەلی کۆن و کوردەواری
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی دەربەندیخان، ماڵێک هەیە کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی مێژووییە و چیرۆکی ژیانی چەندین سەدەی تێدا کۆکراوەتەوە. لایق فایەق، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەم شارەیە و ماوەی شەش ساڵە ژیانی خۆی بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی ئەو کەلوپەلانە تەرخان کردووە کە رۆژگارێک بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی رۆژانەی باوباپیرانمان بوون.
لەم مۆزەخانە بچووکەدا، چەندین پارچەی دەگمەن و ناوازە دەبینرێن کە مێژووی هەریەکەیان بۆ دەیان و سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. یەکێک لە کەرەستە هەرە سەرنجڕاکێشەکان، کترییەکە کە تەمەنی نزیکەی 415 ساڵە، هەروەها ساجێکی مسینی تێدایە کە تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە. لایق، بە شانازییەوە مەکینەیەکی دروومانی ئەڵمانیی نیشانی رووداو دا کە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەکە و هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.
تایبەتمەندیی ئەم مۆزەخانەیە تەنیا لە کۆکردنەوەی کەلوپەلدا نییە، بەڵکو لایق بە دەستی خۆی و بە بەکارهێنانی کەرەستەی سرووشتی، دیکۆرێکی بۆ ژوورەکە دروست کردووە. ئەو بە تێکەڵکردنی توێکڵی گوێز، بادەم، بەرد و دار، ئاوێنە و تابلۆی فۆلکلۆریی دروست کردووە کە رەنگە گەشەکانی زەرد، سوور و شین جوانییەکی تایبەتیان بە شوێنەکە بەخشیوە. ئەو دەڵێت: "ئەم دیکۆرانەم بە دەستی خۆم دروست کردووە تاوەکو رەنگدانەوەی رەسەنایەتیی کوردەواری بن."
لایق فایەق، ئامانجی سەرەکیی لەم کارەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "دەمەوێت نەوەی نوێ ئاشنای ژیانی باوباپیرانمان بن و بزانن چەندە بە سادەیی و جوانی ژیاون. ئەگەر ئێمە کولتوورمان نەپارێزین، دەبینە مێژوویەکی ون." مۆزەخانەکە ئێستا بووەتە ناوەندێکی کولتووری و خەڵک بۆ بینینی ئەو کەلوپەلە دەگمەنانە سەردانی دەکەن.
ئاواتی گەورەی لایق ئەوەیە کە لە داهاتوودا شوێنێکی گەورەتری بۆ دابین بکرێت تاوەکو بتوانێت مۆزەخانەیەکی مێژوویی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی پارچە مێژووییەکان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانەتر بپارێزرێن و چیرۆکی ژیانی سادەی باوباپیرانمان بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.