لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی گەرمای هاویندان، لە بناری چیای حەساری سەکران هێشتا بۆنی باران و سپێتیی زستان زاڵە. پرژێ لە سنووری قەزای چۆمان، کە بە نیشتمانی بەفر ناسراوە، بەم هاوینەش بەفری لێیەو تونێلە بەرفرینەکانی بەردەوام گەشتیار رادەکێشن بۆ ناوچەکە
ئەمساڵ بۆ پرژێ ساڵێکی جیاواز و دەگمەنە. بەختیار بەهجەت، شاخەوانێکی شارەزای ناوچەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی بەفر لەم وەرزەدا لە چەند دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە. ئەو بە رووداوی گوت: "دەتوانین بڵێین لە 40 ساڵی رابردوودا بەفر لێرە بەتەواوی نەتواوەتەوە، تەنیا پار بۆ یەکەمجار بەتەواوی نەما، بەڵام ئەم رێژە زۆرەی ئێستا هەیە، لە 20 ساڵی رابردوودا نەبینراوە. لە مانگی ئایاردا هێندەی ئێستا کە لە کۆتاییی حوزەیرانداین، بەفری لێ نەبووە."
ئەم دیمەنە سرووشتییە بووەتە هۆکارێک بۆ راکێشانی گەشتیارێکی زۆر، کە ماندووبوونی رێگەی دوور و سەختی گەیشتن بەو لووتکانە لەبیر دەکەن. مینا فەلاح، گەشتیارێکە و لەگەڵ گرووپێکی 35 کەسیدا هاتووە، دەڵێت: "هاتووینەتە باڵەکایەتی، کەشێکی زۆر تایبەتی هەیە. ئەوەی زۆر سەیرە، مانەوەی ئەم هەموو بەفرەیە تاوەکو ئێستا."
جوانییەکانی پرژێ تەنیا لە بەفردا کورت نابنەوە؛ لەوێ گەشتیاران لە یەک کاتدا چوار وەرزی ساڵ دەبینن. لە تەنیشت ئاوە ساردەکاندا، گوڵە کوێستانییەکان تازە سەر دەردەهێنن. لەژێر کەپکە بەفرەکانیشدا، رووباری پڕ هاژە دروستبوون، کە هێزی ئاو سکی بەفرەکەی بڕیوە و تونێلی درێژی سرووشتیی لێ پێک هێناون.
بەنین ئەبو غنێم، گەشتیارێکی خەڵکی شاری نەجەفە و بۆ یەکەمجارە سەردانی چۆمان دەکات، ئەو بە سەرسامییەوە باسی ئەزموونەکەی دەکات و دەڵێت: "سرووشتێکی زۆر جوانی هەیە و زۆر خۆشیمان لێ بینی. پێشتر سەردانی هەولێرم کردبوو، بەڵام نەهاتبوومە ئێرە. بێگومان ئەمە دوایین جارمان نابێت."
ناوچەی پرژێ، کە 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای چۆمان، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و مانەوەی بەفر تێیدا، تەنانەت لە گەرمترین رۆژەکانی ساڵدا پلەی گەرما لە 20 پلە تێپەڕ ناکات، ئەمەش وای کردووە ببێتە پەناگەیەکی فێنک بۆ گەشتیاران لە گەرمای هاویندا.