
رانیە؛ "مەیلی ناز" یەکەم پڕۆژەی گەشتیاریی سەر ئاوە و بەرگەی 50 تۆن کێش دەگرێت
رانیە؛ "مەیلی ناز" یەکەم پڕۆژەی گەشتیاریی سەر ئاوە و بەرگەی 50 تۆن کێش دەگرێت
لە دەربەندی رانیە، پڕۆژەیەکی گەشتیاری بەناوی "مەیلی ناز" بووەتە یەکەمین کافتریا و شوێنی حەوانەوەی سەرئاو لە سنوورەکە و سەرنجی گەشتیارانی راکێشاوە. پڕۆژەکە لەلایەن چەند گەنجێکی دەڤەری راپەڕینەوە دروستکراوە.
تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە
لە تەختە دروستکراوە و سیستمێکی سەلامەتیی بەهێزی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کێشی 50 تۆنی هەیە. جگە لە کافتریا، ژووری نووستن و حەوانەوەی تێدایە کە بە شێوازێکی مۆدێرن و گونجاو لەگەڵ ژینگەی ناوچەکە دروستکراون.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، زۆرترین داواکاری لەلایەن خێزان و ئەو گەنجانەوەیە کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و شوێنەکە بۆ بەسەربردنی کاتێکی ئارام هەڵدەبژێرن.
"لە ماوەی 3 رۆژدا تەواومان کرد"
مەهدی ئیبراهیم، خاوەنی پڕۆژەی مەیلی ناز بە رووداوی گوت: "دەمێک بوو بیرۆکەی ئەوەم هەبوو شتێکی جیاواز بۆ دەڤەرەکەمان دروست بکەم. پڕۆژەکەمان بە هاوکاریی 12 گەنجی ناوچەکە لە ماوەی تەنیا 3 رۆژی کارکردنی بەردەوامدا تەواو کرد."
پڕۆژەی مەیلی ناز بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ ژمارەیەک گەنجی سنووری رانیە و چوارقوڕنە. جگە لە کارمەندانی پڕۆژەکە، خاوەن بەلەمەکانی دەربەندی رانیەش سوودمەند بوون، چونکە گواستنەوەی گەشتیاران بۆ پڕۆژەکە، بازاڕی ئەوانیشی گەرم کردووە.
گەشتیارێک کە سەردانی پڕۆژەکەی کردووە، دەڵێت: "پڕۆژەیەکی زۆر جوانە. گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی گەشتوگوزار بایەخی زیاتر بەم جۆرە شوێنانە بدەن، چونکە کوردستان سرووشتێکی یەکجار جوانی هەیە."