ئەم بەڵگەفیلمە کە لەلایەن بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێندراوە، چیرۆکی سێ تاقانە دەگێڕێتەوە کە لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا تەواوی ئەندامانی ماڵباتەکانیان لەدەستداوە و بەتەنیا ماونەتەوە. هەرسێکیان رۆژی 16/3/1988یان لەبیرە و، وردەکارییەکانی ئەو رۆژە کاریگەریی لەسەر ژیانیان دروستکردووە. ئاراس و چرۆ و ئیدریس، شایەتحاڵی رووداوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەن و لە بەڵگەفیلمەکەدا سات بە ساتی ئەو رۆژە دەگێڕنەوە.
حەیدەر عومەر، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە لەسەر هەڵبژاردنی چیرۆکی ئەو سێ تاقانەیە دەڵێت: ''هەڵبژاردنی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێشتر هەر کارێک کرابێت هەمیشە باس لە 5 هەزار شەهید و بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی کراوە و زۆر بە کەمی باسی تاقانەکان و خەمە بەردەوامەکانیان کراوە، ئەم بابەتەمان هەڵبژارد تاوەکو بتوانین لە رێگەی چیرۆکی سێ تاقانەوە، تەواوی خەمەکانی هەموو تاقانەکانی هەڵەبجە بگێڕینەوە کە لە ژیانی رۆژانە و بۆنەکانی وەک جەژن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا چ بۆشاییەکەی گەورە لە ژیانیاندا دروستبووە، بە جۆرێک کەسانی ئاسایی و خاوەن کەسوکار هەستی پێناکەن.''
ئەم بەڵگەفیلمە لە رۆژی 16ی ئازاری 2022 بڵاوکرایەوە.
دەرهێنەر: حەیدەر عومەر