كوێستان محەممەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لەم بەرنامەیەدا ئاشکرایكرد ئێستا لەهەرێمی كوردستان 805 كەس لەسەر ماددە هۆشبەرەكان لە چاكسازییەكاندان، كە پێنجیان ژنە بازرگانن. هەروەها بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بە نەبوونی خانوو بۆ مامۆستایانی زانکۆ و چەند مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی باسی کێشەکانیان لە بەرنامەکە کرد.
کێشەی نەبوونی خانوو بۆ مامۆستایانی زانکۆ
*لە بەشی یەكەمی ئەم بەرنامەیەدا مامۆستایەكی زانكۆ بەناوی د.تارا عەبدوڵڵا، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، ئەوەی خستەڕوو، لەبەر نەبوونی هاوژین، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی خانوویان پێنەداوە، لە كاتێكدا هاوپیشە و هاوتەمەنەكانی خانوویان وەرگرتووە.
د. تارا عەبدوڵڵا دەڵێت ''تەمەنم 60 ساڵە تازە پێم دەڵێن لەبەر ئەوەی هاوژینت نییە خانووت پێنادەین''. ئەو مامۆستایە باسی لەوەش كرد ئەو خانووەی ئێستا تێیدا دەژی زۆر كۆنە لە زستاندا دڵۆپە دەكات. گوتیشی "10ساڵە پێم دەڵێن خانووت پێدەدەین، بەڵام هەر راستم لەگەڵ ناكەن هیوادارم لە رێگای رووداوەوە كێشەكەم چارەسەر بكرێت".
هەر لەم بەرنامەیەدا. د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كە لە شاری سلێمانییەوە بەشداریی بەرنامەكەی كرد ئەوەی خستەڕوو لە 2010وە یەك خانوویان دابەش نەكردووەو گوتیشی ''ئەو كاتەش كە خانوومان دابەشكرا د. تارا لێرە نەبوو". سەرۆكی زانكۆی سلێمانی جەختی لەوە كردوە كە بەپێی رێنماییەكان خانوویان دابەشكردووە و گوتیشی''هیچ رێنماییەك نییە، بڵێت ئەوەی هاوژینی نەبێت بۆی نییە داواكاریی پێشكەش بكات، بەڵام راستییەكە ئەوەیە، بوونی هاوژین خاڵی لەسەرە بۆ وەرگرتنی خانوو'' .د. رەزا حەسەن ئەوە ناشارێتەوە كە ئێستا شوقەیان هەیە، بەڵام د. تارا لەبەر دۆخی دایكی ناتوانێ وەریبگرێت و گوتیشی ''كە خانوو چۆڵبوو د. تارا دەتوانێ وەریبگرێت".
"ماددەی هۆشبەر تێکەڵ بە نێرگەلە دەکرێت"
جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری پێشووی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو؛ ماددە هۆشبەرەكان كێشەی گەورەی هەموو جیهانە و تاوەكو ساڵی 1990 یش عێراق پاكترین وڵات بوو بۆ ماددە هۆشبەرەكان، بەڵام ئەوە ناشارێتەوە كە ئێستا كوردستان و عێراق بووەتە ترانزێت بۆ دەربازبوونی ماددە هۆشبەرەكان.
بەڕێوەبەری پێشووی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی خەمبارە بەوەی ئێستا خانمان و كەسانی خوار یەکساڵیش بوونەتە بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان و گوتیشی ''لەسەتا 80ی بەندكراوانی كوردستان لەسەر ماددەی هۆشبەر گیراون، خەڵكیش هەیە 5 بۆ 6 جار گرتوومانەتەوە، كەسانێكیش هەن لەنێو زینداندا بە ماددە هۆشبەرەكان دەوڵەمەند بووە". ئەو روونیكردەوە ئەو جۆرە كەسانە لەنێو زینداندا سەرەتا بەبێ پارە ماددەی هۆشبەر دەدەنە خەڵك دواتر بە پارە پێی دەفرۆشنەوە".
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئاسایشی سلێمانی، بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان بەردەوام لە زیاد بووندایە بۆ بەڵگەی قسەكەشی گوتی "پێشتر52 ملیۆن حەبی ترامادۆڵمان بەجارێك گرتووە". ئەو داوا لە دایك و باوكان دەكات زۆر ئاگاداری منداڵ و هەرزەكارەكانیان بن و گوتیشی ''ئەگەر منداڵەكەت لەپڕ خەرجی زیاد كرد یان شەو دەرەنگ هاتەوە گومانی لێبكە، ئەگەر ماوەیەكی زۆر خەمباربوو یان زۆر پێكەنی هەر گومانی لێبكە، چونكە دۆخەكە بەڕاستی مەترسیدارە".
* د.ئیبراهیم رەمەزان، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیریی هۆشیاریی دژی ماددە هۆشبەرەكان لە كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو کە "بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو ماددە هۆشبەرەکان زۆر تەشەنەیان كردووە.''
ئەو باسی لەوەش كرد ئێستا لە كوردستان باندی گەورەی ماددە هۆشبەركان هەن و گوتیشی "ساڵانی رابردوو بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان لە كوردستاندا نزیكەی 10هەزار كەس دەبوون، بەڵام ئێستا نزیكەی 50 هەزار كەسن". سەرۆكی ئەو رێكخراوە نایشارێتەوە ئێستا لە كوردستان ماددەی هۆشبەر تێكەڵاوی نێرگەلە دەكرێت و دەشڵێت ''لە 2020وە تاوەكوئێستا هەزار و 113 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر گیراون، ئەوەش زۆر مەترسیدارە، چونكە هەموو بەكارهێنەرێك دەتوانێت 5 كەس لەگەڵ خۆی تووش بكات".
لە ماوەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر زاری دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان داوای هاوكاریی نێودەوڵەتی كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، بەپێی زانیارییەكانی د.ئیبراهیم رەمەزان تاوەكو ئێستا دوو وڵات ئامادەییان دەربڕیوە هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن. د. ئیبراهیم رەمەزان بەو یاسا نوێیەی لە كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەرچووە دڵخۆشە، چونكە وەك ئەو دەڵێت ''بەپێی یاسا نوێیەكە هەركەسێك خۆی رادەست بكات سزا نادرێت و وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت".
*دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی و سەرۆكی لیژنەی باڵای نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە كوردستان بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەری وەك جۆرێك لە نەخۆشی پێناسەكرد و نەیشاردەوە كە پێشتر بەكارهێنەر لەگەڵ تاوانبار تێكەڵ دەكران، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نییە. لەبارەی یاسا نوێیەكەش ئەوەی خستەڕوو بۆ یاسا نوێیەكە دەركردنی رێنمایی و پەیڕەویان پێویستە. دەربارەی پارەی سندووقی ماددە هۆشبەرەكانیش گوتی "پارەكە لە كردنەوەی سەنتەرەكە بەكاردێت".
كوێستان محەممەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ئەركی وەزارەتێك نییە بەتەنیا، بەڵكو ئەركی هەمووانە و ئەوە ناشیارێتەوە پێش دەستبەكاربوونی بە كیلۆ ماددەی هۆشبەر براوەتە زیندان، بەڵام ئێستا رێگرییەكی تەواویان كردووە و گوتیشی "بەداخەوە كەس هەبووە لەسەر سەرپێچی هاتووچۆ گیراوە، بەڵام دواتر بووەتە بەكارهێن".
لەبارەی ئاماری ئێستای ئەو كەسانەش كە لەسەر ماددە هۆشبەرەكان لە چاكسازییەكاندان، كوێستان محەممەد گوتی "ئێستا805 كەس لەسەر ماددە هۆشبەرەكان لە چاكسازییەكاندان، كە پێنجیان ژنە بازرگانن".
وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی داوا لە دایك و باوكان دەكات زۆر ئاگایان لە منداڵەكانیان بێت و گوتیشی "من هەمیشە بە كوڕەكانی خۆم دەڵێم، ئەگەر سەرتان زۆر ئێشا بەهیچ جۆرێك حەبی دەستی كەس نەخۆن، چونكە گرنتی نییە ئەو حەبە تووشی شتێكی خراپیان نەكات". كوێستان محەممەد ئەوەشی ئاشكرا كرد بۆ دروستكردنی سەنتەرەكە رێكخراوێك ئامادەیە 5 ملیۆن دۆلار بداتە هەرێمی كوردستان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی رووداو لە 2018دا تەنیا 432 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر لە زیندان بوون، بەڵام ئێستا بووەتە 805 كەس، لە 15-01-2021 یاسایەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەرچوو.
بەپێی یاسا نوێیەكە دەبێت سەنتەرێك بۆ تووشبووانی ماددە هۆشبەرەكان بكرێتەوە، بەڵام هێشتا سەنتەرەكە نەكراوەتەوە ، هەر بەپێی یاسا نوێیەكە بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان لەسێدارە دەدرێت یاخود سزای زیندانی هەتاهەتایی دەكرێت، ئەگەر پزیشكێكیش ماددەی هۆشبەر بۆ كەسێك بنووسێ و نەخۆش نەبێت، ئەوا 6 مانگ زیندانی دەكرێت. هەر بەپێی یاساكە ئەو لایەنەی ماددەی هۆشبەر دەگرێت، بۆ هەر كیلۆیەك بە ملیۆنێك دینار پاداشت دەكرێت.