بەڕێدەکەوین بەرەوە شنگال، دەمەوێ لە نزیکەوە ئاوارەکانی کەمپی سەردەشت لەسەر چیای شنگال ببینم. لای شنگالیەکان هێشتا ئەو برینەی داعش لەسەر جەستە و دەروونیان دروستی کردووبوو، سارێژ نەبووە. دیمەنی ئەو ماڵوێرانییەی بەدەست ئەو گرووپانەوە بینیویانە، لەبەر چاویان وون نەبووە.
حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەو شوێنەی ئاوارەکانی شنگال لە دەست چەکدارانی داعش پەنایان بۆ هێناوە، بەبێ خواستی خۆیان پێیان چۆڵ بکات، بەڵام بەبێ هیچ هاوکارییەک وئامادەکارییەکی پێشوەخت.
دیمەنەکان مرۆڤ ئازار دەدەن، چیرۆکە نەبیستراوەکانی ئاوارەیی لێرە بێ گوتن خۆیان وێنا دەکەن.
منداڵ و ژن و پیاو، هەموویان ماندوویەتی 7 ساڵی ژیانی ساردی و گەرمی نێو کامپ بە رووخساریانەوە دیارە. هێشتا لە دیمەنەکانی ناو کامپەکەم دەڕوانی کاتێک لڤینی 12 ساڵم بینی کە خەریکی کارێکە دوور لە توانا و تەمەنی خۆی.
لەگەڵ لۆزین سەردانی ئەو خێوەتەمان کرد کە لەگەڵ باوک و دایک وخوشک وبراکانی تێیدا دەژین. دایکی لۆزین تووشی نەخۆشی بووە بە هۆی ئەو دۆخە خراپەی کە لەنێو کامپەکەدا هەیانە. ئەو دەڵێت لەو کاتەوەی حکومەتی عێراق بریاری چۆڵکردنی کامپەکانی داوە، هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێنەگەیشتووە.
علی قاسم: ئاوارەی شنگال لە کەمپی سەردەشت
''دۆخی ئێمە ئەمساڵ زۆر خراپە ، لە لایەنی گاز و موادی خۆراکی، هاوکارییەکانی دیکە سێ مانگە ئێمە هیچمان نەبینیووە. رێکخراوی کۆچ و کۆچبەران سێ مانگ پێش ئێستا هاوکارییان کردین بەلام بۆ ئەم ساڵ لیترێک گاز نەگەشتووەتە سەردەشت. ئەوەتا تۆ دەیبینی هەمووی تێکدراوە نە دەرگا نە پەنجەرە هیچ بەسەر یەکەوە نەماوە.
ئەم خاتوونە سەرەتا نەیویست لە کامێراکەی ئێمە دەرکەوێت، دەلێت ئەوەندە قسەمان کردووە ماندوو بووین. ئەو دەڵێت نە حکومەتی عێراق و نە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵیان راست نەبوون.
فاتیمە مووسا: ئاوارەی شنگال لە کەمپی سەردەشت
''ژیانمان لێرە نەماوە، هەندێک ئیشیان دەستدەکەوێت، هەندێکی دیکەش وەکو ئێمە داماو لەناو هەموویاندا، بەخوا هیچمان بۆ ناکەن، هەر رۆژەو سەت جار ناومان دەنووسن بۆ گاڵتە و گەپ، با بەس بێت ئیتر کەس هیچمان بۆ ناکات، ئەگەر کەسێک هەبوایە بە راستی ئەوا دەنگی ئێمەی دەگەیاند، کەس هاوکاریمان ناکات. چی بکەین؟ بێچارەین و توانامان نیە ئێرە بەجێبهێڵین، کەس هاوکاریمان ناکات، شتێک لێرە نیە، راستە دێن رۆژێک دەجار ناومان دەنووسن، بەڵام هەمووی درۆ دەکەن.''
جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەتەی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان لەڕێگەی بڕینی هاوکاری رێکخراوەکان بۆ ئاوارەکانەوە ئەنجامدرا. نزیکەی 500 خێزان بە ناچاری گەڕانەوە بۆ نێو داروپەردووی خانووە رووخاوەکانیان لە شنگال. ئەوانەی تاوەکو ئێستا ناگەڕێنەوە دەلێن هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی و هیچ ئاسەوارێکی ژیان لە شنگال بۆ گەڕانەوە نابینین.
خەلیل شێخۆ یەکێکە لەوانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ شنگال. داعش خانووەکەی تەقاندووەتەوە و وێرانەیە. دەلێت توانای دووبارە دروستکردنەوەی نەبووە بۆیە بە ناچاری لە تەنیشتی خانووە رووخاوەکەی لە خێوەتێکدا دەژی.
خەلیل شێخۆ: ئاوارەی گەڕاوەی شنگال
''داعش هاتە ئێرەو خانووەکەی منی تەقاندەوە،کاتێک هاتمەوە بینیم خانووەکەم هیچی نەماوە ناچار بووم لە تەنیشتییەوە خەیمەیەک هەڵبدەم. کەس هاوکاری نەکردووم ، کەس نەهاتووە بە لامان، نە ئاو نە کارەبا هیچ لێرە نیە. لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا یەک کاژێر کارەبای حکومی نەبووە.''
بەشار ئیسماعیل: ئاوارەی گەڕاوەی شنگال
''خزمەتگوزاری چی؟ فەرموو ئەوە خزمەتگوزارییە لێرە، دەڵێن خزمەتگوزاری لە شنگال دەکەین هیچ نابینین، بەخوا ئەوەی دەگوترێت جگە لە درۆ هیچی دیکە نیە، کارەبا لە 24 کاژێر نیو کاژێر نایبینین، هەر کەسێک بڵێت خزمەتگوزاری لە شنگال هەیە راست ناکات، چەند لایەن هاتوون هەموویان درۆ دەکەن. نە حکومەتی عێراق نە کوردستان نە هیچ کەسێک هەمووی درۆ دەکەن.''
بەرجەت خەلیل: ئاوارەی گەڕاوەی شنگال
''راستە حکومەت بریاری خۆی داوە، خەڵک بە هۆی ئەو بڕیارەوە گەڕایەوە. کارەبا لێرە بڕاوە بەتایبەتی کارەبای حکومی، لە ماوەی 24 کاژێردا ئەگەر کاژێرێک هەبێت یان نا، خەڵک چۆن بگەڕێتەوە؟ باشە جادە و بانەکان چاک بکەن، ئەواتا بەحسابی چاکردنی جادە و بانەکان مەجارییەکانیان خراپ کردووە. بۆچی لە ناوچەکانی دیکە هەیە بۆ لە شنگال نیە؟''
جگە لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان وەکو ئاوارەکان خۆیان دەڵێن، دۆخی ئەمنی ناوچەکە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەیان بۆ شنگال. بەڵام بەرپرسێکی حەشدی شەعبی دەڵێت؛ کەسانی مەدەنی ئەوانەی هیچ کێشەیەکی سیاسییان نیە دەتوانن بگەرێنەوە.
خاڵ علی: بەرپرسی حەشدی شەعبی لە شنگال
''ئەگەر مەدەنی بێت و سەربە هیچ لایەنێک نەبێت و خەڵکی شنگال بێت مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە شنگال، واتا تیرۆرست نەبێت، بیرو بۆچوونی ئینسانی بێت، کێشەمان نیە.''
لەدوای ساڵی 2014 ژمارەی کامپی ئاوارەکان لە عێراق 174 کامپ بوون. دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا 146 یان داخستووە و تەنیا 28 ماون. 26یان لەناو هەرێمی کوردستاندان. حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بڕیاری داخستنی کامپەکانی نەداوە.
سپێشەڵ ریپۆرت، راپۆرتێكی تایبهته لەسەر مژارێك كه له رۆژهڤدایه، بەشێوەیەکی وردتر و فراوانتر لە راپۆرتێکی ئاسایی، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
ههر جارهی لە لایەن رۆژنامهڤانێكی رووداوەوە له شار و وڵاته جیاوازهكانهوه ئاماده دهكرێت. ههموو دیوهكانی مژارهكه بۆ وهرگرانی رووداو بنكۆڵ دهكات و روونیدهكاتهوه، كه بایهخی ئهو مژاره لهسهر ژیانی كوردستانیان له ناوهوه و دهرهوهی كوردستان چییه و چۆنه؟