
مەحموود عوسمان، ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێری عێراق و بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی، میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، باسی کاتی ئەنجامدان و چۆنیەتیی سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەروەها بە ئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی حکومەت لە سلێمانی کرد.
مەحموود عوسمان رایگەیاند، دوای 33ساڵ لە ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی لە مانگی 10ی ساڵی 2020 سەرژمێری گشتی ئەنجامبدات و دەشیەوێ لە یەک رۆژدا ئەنجامبدرێت و دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەش راستەوخۆ ئەنجامەکان رابگەیێنرێت.
مەحموود عوسمان ئاشکرایکرد، هەر تاکێک 42 پرسیاری ئاراستە دەکرێت و پڕۆسەکە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی (تابلێت) دەکرێت و هەموو زانیارییەکانیش لە رێگەی سیمکارتێکی تایبەتەوە هەڵدەگیرێن و بەهیچ شێوەیەکیش سیستمەکە هاکناکرێت.
مەحموود عوسمان: روونیکردەوە، کورد هەمیشە قوربانی سەرژمێرییەکانی پێشووی دەوڵەتی عێراق بووە لە کەمکردنەوەی ژمارەکەی، بەتایبەتی لە کەرکووک و ئەو ناوچانەی ئیستا دەکەوتنە نێو ماددەی 140ی دەستووری عێراقەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان شانبەشانی حکومەتی عێراق ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووەو دەیەوێ سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد بکرێت، بەڵام پێویستە هەردوو پرسیاری نەتەوەو ئایین لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەبێت، لەکاتێکدا سەرژمێری 2009 بەهۆی ئەم دوو پرسیارەوە هەڵوەشایەوە.
مەحموود عوسمان باسی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی حکومەت لە سلێمانی کرد و گوتی" لە ساڵی 2005 ـەوە بە ئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکان دەستپێکردووەو ئێستا زۆربەی فەرمانگەکان بە ئەلیکترۆنیکراون بێ ئەوەی یەک دینار لە حکومەت وەربگرن و بەهۆی ئەو ئەلیکترۆنیکردنەوە ئامارێکی دروستیان دەستکەوتووەو بەهۆیەوە زیاتر لە 14 هەزار مووچەخۆری ئاشکراکردووە کە دوو مووچە وەردەگرن و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە شەش ملیار دیناریان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە.
رووداوی ئەمڕۆ، بەرنامەیەکی رۆژانەیە هەفتەی پێنج رۆژ پێشکەش دەکرێت لە کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر.
ئەم بەرنامەیە شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات..
بەرنامەکە تەرکیزی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەبەرامبەر هاونیشتمانیان..
تەنها گرنگی بە یەک لایەن نادات، بەڵکو گرنگترین و سەرنجراکێشترین رووداوی رۆژ دەکات بە مژاری ئەو رۆژەو لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار گەنگەشەی دەکات..
هەر رووداوێک جێگەی گوتوبێژ بێت و مقۆمقۆ دروست بکات، ئەوا (رووداوی ئەمڕۆ) گرنگی پێدەدات..
نەبەستراوەتەوە بە یەک پارچەی کوردستان، بەڵکو هەرچوار پارچەکە رووماڵ دەکات، هاوکات هەر رووداوێک بۆ بینەری کورد گرنگ بێت لە هەموو جیهان (رووداوی ئەمڕۆ)ش گرنگی پێدەدات..