
کارگەی بەرهەمە هەویركارییەكان لە سلێمانی
بەرهەمهێنانی زیاتر لە 150 جۆری بەرهەمە هەویركارییەكان لە كارگەیەكی شاری سلێمانی. ستافێكی شارەزا و بە ئەزموون تەواوی بەرهەمەكان بەرهەمدهێنن، بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێ و ستاندارد، گشت جۆرەكانی سەموون و بەرهەمە هەویركارییەكان بە چەندین جۆری جیاوازی ئاردی گەنم و جۆ، سەمونێكی نوێ و تایبەت بە ئاردی گەنمەشامی بەرهەمدەهێنن.
سەنتەری شاری سلێمانی نزیكەی 800 تاوەكو 900 هەزار كەسی تێدا دەژی. یەكێك لە پێداویستییەكانیان نان و سەموونە، ئارد و رۆن و شەكر ئەو سێ ماددە و بەرهەمەن، كە تەواوی دانیشتوانی گۆی زەوی پێویستیان پێیانە و بە هۆكاری بەردەوامبوونی ژیان ناودەبرێن و دەچنە ناو چوارچێوەی ئاسایشی وڵاتەوە، واتە ئاسایشی نیشتمانین. پێویستە هەموو وڵاتان بۆ كاتی لەناكاو و دروستبوونی كێشە و گرفت و برسیەتی هەرسێ بەرهەمەكە بەرهەمبهێنن.
لە شاری سلێمانی نزیكەی 400 نانەواخانە و 200 سەموونخانە هەن، رۆژانە نان و سەموون بەرهەمدەهێنن، یەكێك لە گەورەترین و بەناوبانگترینان سێ نهۆمە و 65 كەس كاری تێدادەكەن، کە 24 كاژێر كاردەكات و نزیكەی 160 بەرهەم ، بەرهەمدهێنێت.
لەم كارگەی بەیکەرییەدا گشت جۆرەكانی سەموون و كێك و زۆربەی بەرهەمە هەویركارییەكان و شیرەمەنییەكان بەرهەمدێن.
جیاوازی ئەم كارگەیە و بەشێكی زۆری نانەواخانە و سەموونخانەكانی دیكەی شاری سلێمانی ئەوەیە: ئەم كارگەیە سۆدە بەكارناهێنێت، سۆدە مادەیەكی كیمیاوییە و هەنگاوەكانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە هەویرەكان خێرادەكات و تام و رەنگیان دەگۆڕێت، بەڵام زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.
لە بەشێكی زۆری نانەواخانە و سەموونخانەكانی شاری سلێمانیدا سۆدە دەكرێتە هەویر، رەنگی نان و بەرهەمەكانیان دەگۆڕێت و نزیك رەنگی زەردیان دەكات و تامیان دەگۆڕێت. لە بەشێكی زۆری وڵاتان لە دوای تێگەیشتنیان لە زیانەكانی، رێگە نادەن سۆدە بكرێتە ناو نان و بەرهەمە هەویركارییەكانەوە، تاوەكو زیان بە هاووڵاتیانی خۆیان نەگەیەنن.
لەم كارگەیە 24 كاژێر 65 كەس بە سێ شیفت كاردەكەن، تەواوی بەرهەمەكانیان بە ستانداردی ئەوروپیە، دەزگای نوێ و و مۆدێرن هێنراون، تاوەكو بەرهەمەكانیان هیچ جیاوازییەكیان نەبێت لەگەڵ بەرهەمێكی وڵاتی ئەڵمانیا.