"لە3152 سزادراوی كوردستان 428 لەسەر ماددەی هۆشبەر سزادراون"
بەڕێوبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی لەم بەرنامەیەدا ئاشكرای كرد "لەنێو ئاسایش و پێشمەرگەشدا خەڵكانێك هەن ئالوودەی ماددەهۆشبەرەكان بوون". هەر لەم بەرنامەیەدا ئەو بەرپرسە ئەمنییە باسی لەوەش كرد "ماددەی هۆشبەر لەناو بەرگە پشتیدا هاتووەتە كوردستان و لە رێگای فڕۆكەخانەكانیشەوە براوەتە ئەورووپا".
شوان سابیر، پارێزەر و ئەندام لە توڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لە عێراق وەكو میوانێكی بەرنامەكە ئاماژەی بەوەدا یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان زۆر كۆنە و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، گوتیشی "هەندێ جار چاكسازییەكان دەبنە زانكۆی فێركردنی تاوانەكان، خەڵكانێك هەن لەنێو (بەناو چاكسازییەكاندا) فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرە بوون".
سەڵاح سدیق، بەڕێوەبەری رێكخراوی هارتلاند ئەلاینسی نێودەوڵەتی لە عێراق كە لە ستۆدیۆی سلێمانییەوە بەشداری بەرنامەكەی كرد، ئەوەی خستەڕوو لە سێ هەزار و 152 سزادراوی هەرێمی كوردستان 428ـیان لەسەر ماددەی هۆشبەرەكان سزادراون، گوتیشی "10% تووشبووانی ماددەهۆشبەرەكان لە خوار 18 ساڵن".
ئەم بەرنامەیە شەوی 21-2-2019 پێشكەشكرا و میوانە سەرەكییەكان پێكهاتبوون لە:
1 - جەلال مینەبەگ، بەڕێوبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی
2 - د. رێزان حوسێن، بەڕێوەبەری تەندروستی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستی
3 - د. سابیر زێباری، دەروونناس و مامۆستا لە زانكۆی دهۆك
4 - ئەردەلان ئەحمەد، پارێزەری راوێژكار
5 - شوان سابیر، پارێزەر و ئەندام لە توڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لە عێراق
6 - سەڵاح سدیق، بەڕێوەبەری رێكخراوی هارتلاند ئەلاینسی نێودەوڵەتی لە عێراق