
بەڵگەفیلمەکە لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەکۆڵێتەوە و تیشک دەخاتە سەر "بۆشاییەکی رۆحی" لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدییەکاندا. ژمارەیەک لەو کەسانەی ئایینی خۆیان گۆڕیوە، دەڵێن کە لەنێو ئایینی ئێزدیدا، کە وەک ئایینێکی داخراو و بێ پەیام ناوی دەبەن، وەڵامی پرسیارە رۆحییەکانیان دەستنەکەوتووە. ئەوان باوەڕی کریستیانیان وەک رێگەیەکی ئاسانتر بینیوە.
بەڵگەفیلمەکە تیشک دەخاتە سەر دیاسپۆرای ئێزدی بەتایبەتی لە رووسیا کە تێیدا ئێزدییەکی پێشوو بە ناوی مادای محەممەدی بووەتە قەشەی ئۆرتۆدۆکس و ئێستا ئێزدییەکانی دیکە لەئاوهەڵدەکێشێت (باپتیز کردن) و لەسەر دەستی ئەو دەبن بە کریستیان، بەشێک لەوانەی ئایینەکەیان گۆڕیوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە وەرگرتنی کریستیانییەت بە واتای وازهێنان لە ناسنامە، زمان و کولتوری کوردیی خۆیان نییە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەنیسەی ئۆرتۆدۆکس رێگەیان پێدەدات بە زمانی خۆیان عیبادەت بکەن و دەقە ئایینییەکان بخوێننەوە.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردایەتیی ئایینیی ئێزدی (میر و جڤاتی رۆحانی) کەمتەرخەم بوون لە پڕکردنەوەی پێداویستییە رۆحییەکانی خەڵکی خۆیان، بەتایبەتی لە دیاسپۆرا. هەندێک لەوانەی بوونەتە کریستیان دەڵێن کە بۆ ماوەی 15 ساڵ، هیچ شێخ و پیرێک سەردانی نەکردوون و لێیانیان نەپرسیوە کە بۆچی وازیان لە ئایینی خۆیان هێناوە. ئەم هەستکردنە بە پشتگوێخستن، وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم ئایین گۆڕینە دەبینرێت.
بەڵام، گۆڕینی ئایین مشتومڕێکی لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدی دروستکردووە. هەندێک ئەمە وەک ناپاکییەک و هەنگاوێک بەرەو توانەوە (ئاسیمیلاسیۆن) دەبینن و دەترسن کە میراتی ئایینی و کولتووریی تایبەتیان لەنێو بچێت. بەڵگەفیلمەکە، باسی کۆچی مێژوویی ئێزدییەکان بۆ رووسیا و قەفقاس دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و ئاستەنگەکانی پاراستنی ناسنامەیان لە ژینگەیەکی نوێدا دەکات. لە کۆتاییدا، میر حازم بەگ، میری ئێزدییانی جیهان، قسە دەکات و داوا لە ئێزدییەکان دەکات کە دەستبەرداری ئایینی خۆیان نەبن. بەڵگەفیلمەکە چارەنووسی پێکهاتەیەک لەسەر رێگەیەکی چارەنووسساز پێشان دەدات کە رووبەڕووی پرسیارەکانی باوەڕ، ناسنامە و مانەوەی کولتوری بووەتەوە.